ھنێر سەلیم رۆمانی "کۆنسێرت بۆ کەڕان"ـی بە کوردی بڵاوکردووەتەوە

بۆ رێزلێنان لە ئەدەبی کوردی و نوێترین بەرھەمی ئەدەبیی ، بە ئامادەبوونی خوێنەران و کەسایەتییەکانی ناوەند و کۆمەڵگەی رۆشنبیری لەناوەندی گەنجان ، رێوڕەسمی واژۆکردنی پەرتووکی"کۆنسێرت بۆ کەڕان" لە لایەن رۆماننووس و دەرھێنەری بەناوبانگی کورد ھنێر سەلیم بەرێوەچوو ، پێشتر نووسەر بەرهەمەکەی بە زمانی فەرەنسی چاپ و بڵاوکردبۆوە بەڵام بۆ جاری یەکەمە بەزمانی شیرینی کوردی چاپ بکرێ ، بریاروایە لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بە سێ زمانی تر چاپ بکرێ .

ھنێر سەلیم، دەرهێنەر و رۆماننووسی ناسراوی کورد، لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24 رایگەیاند، نوێترین رۆمانی بە ناوی "کۆنسێرتان بۆ کەڕان" بڵاوکراوەتەوە کە چوارەمین رۆمانیەتی و لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. ئەو دەرهێنەر و نووسەرە دیارەی کورد ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا زیاتر لە 30 سیناریۆی نووسیوە و رۆمانی "کۆنسێرتان بۆ کەڕان" کە دوێنێ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، چوارەمین رۆمانیەتی و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بۆ سەر چەندین زمانی دیکەی جیهانی وەربگێڕدرێت.

دەربارەی گرنگیی زمانی دایک و پێویستیی خوێندنەوە لەناو کۆمەڵگەدا، هنێر سەلیم جەختی لەوە کردەوە، حەز دەکات زمانی کوردی رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەمەندتر بێت و تاکی کورد زیاتر روو لە خوێندنەوە بکات، هەروەها گوتیشی: "پێویستە تاکی کورد لە دیالێکت و زاراوەکانی یەکتر تێبگەن و شارەزاییان هەبێت."

هنێر سەلیم یەکێکە لە سینەماکار و رۆماننووسە ناودارەکانی کورد لەسەر ئاستی جیهان؛ بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمانی جیاواز وەرگێڕدراون، لە نێویاندا رۆمانی بەناوبانگی "تفەنگەکەی باوکم"، کە تا ئێستا بۆ زیاتر لە 20 زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە.