دوای شکستی هەڵبژاردنەکان؛ ڤانس بیر لە کشانەوە لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی 2028 دەکاتەوە

کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوە نزیکەکان و راوێژکارانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، دوای دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس بۆ پارتی کۆماری، ڤانس بە جددی تاوتوێی ئەوە دەکات کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028دا خۆی کاندید نەکات.

هەرچەندە ڤانس هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام لێدوانی نزیکەی 12 هاوپەیمان و راوێژکاری ناوبراو دەریدەخات کە جێگری سەرۆک لە نێوان تەماحی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی لایەنگرانی ترەمپ (ماگا) و ئەرکە خێزانییەکانیدا تووشی دوودڵییەکی قووڵ بووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، جێگری سەرۆکوەزیران تەمەنی تەنیا 42 ساڵە و دەتوانێت لە داهاتوودا هەلی دیکەی بۆ بڕەخسێتەوە، چونکە بە بڕوای راوێژکارەکانی، لە وەها کەشێکی نالەباری سیاسی کە لە ئەنجامی جەنگی ئێران و گرانیی بژێوی دروست بووە، بردنەوە بۆ هەر کاندیدێکی کۆمارییەکان کارێکی نزیک لە مەحاڵە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئامانجەکانی ڤانس بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی بریتییە لە جەنگی ئێران. بەیانیی دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، ڤانس لە پەیامێکی تونددا هۆکاری سەرەکیی شکستی کۆمارییەکانی بۆ جەنگی ئێران گەڕاندەوە و رایگەیاند لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بەهۆی ئەم جەنگەوە باجێکی زۆر قورس بوو.

ئەم پەیامەی ڤانس بە تەواوی دۆناڵد ترەمپی تووڕە کرد؛ سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر دانی بە کاریگەریی جەنگەکەدا نابوو لەسەر هەڵبژاردن، بەڵام نیگەران بوو لەوەی جێگرەکەی بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هەڵگیرسانی جەنگ نەکرد. لە کاردانەوەی ئەمەشدا، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" فەرمانی بە ڤانس کرد کە دەست لە دانوستانەکانی ئێران هەڵبگرێت و تەواوی سەرنجی بخاتە سەر دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

پێشتر ڤانس وەک جێنشینی سەرەکیی ترەمپ بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کۆمارییەکان تەماشا دەکرا، بەڵام ترەمپ لە پشت دەرگا داخراوەکان بە یاریدەدەرانی راگەیاندووە کە نایەوێت لە ئێستاوە پەنجە بخاتە سەر هیچ کاندیدێک، بەڵکوو دەیەوێت چاوەڕێ بکات و بزانێت کاندیدەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن. کاتێک لە بەرنامەی "60 خولەک"یشدا پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە ئایا لە داهاتوودا پشتگیری لە ڤانس دەکات یان نا، ترەمپ گوتی: "پێدەچێت بیکەم، بەڵام مەرج نییە."

هاوکات راپرسییەکان دەریدەخەن کە زۆربەی ئەو چین و توێژانەی لە ساڵی 2024 دەنگیان بە ترەمپ دابوو، لەوانە گەنجان، پیاوان و دەنگدەرانی لاتینۆ، بەهۆی جەنگی دەرەکی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە پارتی کۆماری دوورکەوتوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە کەسایەتییە دیارەکانی وەک ریچ باریس، راپرسیزانی نزیک لە کۆمارییەکان رابگەیەنێت کە پێگەی پارتەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

شڵەژانی پێگەی ڤانس وای کردووە چەندین سەرکردەی دیکەی پارتی کۆماری دەست بە خۆئامادەکردن بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە ساڵی 2028دا؛ لەوانە رۆن دیسانتس، پارێزگاری فلۆریدا، تێد کروز، سیناتۆری تێکساس، و برایان کێمپ، پارێزگاری جۆرجیا، جیا لە ئەگەری خۆکاندیدکردنی تاکەر کارڵسۆن، رۆژنامەنووسی دیاری نەریتخواز و رەخنەگری ترەمپ وەک کاندیدی سەربەخۆ.

سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییانە، بەشێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی جەی دی ڤانس پێیان وایە کە هێشتا دوو ساڵ لەبەردەمدایە و دەکرێت هاوکێشەکان بگۆڕدرێن ئەگەر جەنگی ئێران کۆتایی پێ بهێنرێت. لە هەمان کاتدا گرووپێکی گەورەی وەبەرهێنەران و ملیاردێرەکانی نزیک لە ڤانس، لەوانە ئیلۆن مەسک و پیتەر سیێل، بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی پشتیوانیی دارایی ئەگەر ناوبراو بڕیاری کاندیدبوون بدات.