تورکیا و قەتەر 5 رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد
تورکیا و قەتەر، 5 رێککەوتنیان لە بوارەکانی بەرگری، بازرگانی، پەروەردە و دیپلۆماسیدا واژۆ کرد، کە دیارترینیان رێککەوتنی بەرگریی دوولایەنە بوو.
هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر، لە کۆشکی دۆڵمە بەهچە لە شاری ئیتسنابوڵ کۆبوونەوە و رێککەوتنی بەرگریی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بازرگانیی تورکیا و وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی قەتەر، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پاراستنی بەکاربەر، چاودێریکردنی بازاڕەکان و پشکنینیان.
لە لایەکی دیکەوە وەزیری پەروەردەی تورکیا و وەزیری دەوڵەتی قەتەر، رێککەوتنێکیان بۆ هاوکاری لە بواری پەروەردەدا واژۆ کردووە؛ لە پاڵ ئەوەشدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری ئاشتی، ئاشتەوایی و چارەکردنی ناکۆکییەکان و هەروەها راگەیەنراوی هاوبەشی دوازدەهەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیژییان واژۆ کردووە.
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و قەتەر لە ماوەی دەیەی رابردوودا گەشەسەندنێکی خێرا و ستراتیژییان بەخۆوە بینیوە، بە شێوەیەک کە ئێستا بە یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانێتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. بنەمای سەرەکی ئەم هاوپەیمانێتییە دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی "لیژنەی باڵای ستراتیژیی تورکیا و قەتەر" لە ساڵی 2014، کە ساڵانە بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری تورکیا و میری قەتەر بە شێوەی نۆرەیی لە ئەنقەرە و دەوحە کۆدەبێتەوە.
تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ستراتیژیدا، هەردوو وڵات دەیان رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پیشەسازیی بەرگری، وزە، کولتوور و گەشتوگوزار واژۆ کردووە.