فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکات

لە یادی 11 ساڵەی رزگارکردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکات، هاوکات فراکسیۆنەکە جەختدەکاتەوە، نابێت شنگال وەکو کارتی فشار بۆ ململانێی سیاسی بەکاربهێندرێت. 

هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ، یادی یازدە ساڵەی رزگارکردنی قەزای شنگالە، لە 13ـی تشرینی دووەمی  2015ـدا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی و فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی، و بە خوێنی سەدان شەهید و بریندار، توانیان کۆتایی بە بوونی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەو ناوچەیە بهێنن و کۆنترۆڵی شارەکە و چیای شنگال بەدەستبهێننەوە.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکاتەوە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر بە هەوڵەکانی بەکارهێنانی شنگال وەکو کارتی ململانێی سیاسی، داوا دەکات رێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت کە بیەوێت کوردانی ئێزدی لە ناسنامە و رەگ و ریشە رەسەنەکەیان داببڕێت.

فراکسیۆنەکە رایگەیاندووە،، جێی نیگەرانییە دوای تێپەڕبوونی یازدە ساڵ، هێشتا رێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە هەمان چوارچێوەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی کراوە بەرپرسیارێتیی دەستووری و یاسایی خۆی هەڵبگرێت و ئەم رێککەوتننامەیە بە تەواوی جێبەجێ بکات.

داواکارییە سەرەکییەکانی فراکسیۆنی پارتی:

    • دەرکردنی هێز و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکەدا و کۆتاییهێنان بە دۆخی نائاسایی.

    • رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ ئەوەی خەڵکی رەسەنی شنگال بتوانن سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و خۆیان بڕیار لە چارەنووس و ئیدارەدانی ناوچەکەیان بدەن.

    • تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی قوربانییان و رزگاربووانی دەستی داعش.