کوردستان 24 ناسنامەی ئەو شۆفێرە ئاشکرا دەکات کە چەکدارەکانی داعشی گواستووەتەوە
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، چوار چەکداری داعش بە ئۆتۆمبێلێک هاتوونەتە ناو شارەدێی پردێ، گوتیشی یەکێک لەو چەکدارانە ناوی ( ب ، م ) خەڵکی گوندی بەعاجی سەر بە پارێزگای موسڵە و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، چوار چەکداری داعش روویان لە شارەدێی پردێ کردبوو، لە رووبەڕووبووەوەیەک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا سێ چەکداریان کوژراون و یەکێکیان بە دیل گیراوە، گوتیشی، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، هاووڵاتییەکی بە نەتەوە عەرەبە و خەڵکی موسڵە، کاری سەرەکی ئەوە بووە چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە بگوازێتەوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی، چەکدارەکان سەرەتا لە گوندەکانی دەوروبەری شارەدێی پردێ بوونە، دواتر لە لایەن ئەو چەکدارەی دەستگیرکراوە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت گوازراونەتەوە بۆ ناو شارەدێی پردێ، گوتیشی، دوای دەستگیرکردنی شۆفێرەکە، دانی بە تاوانەکەی داناوە و رایگەیاندووە، ماوەی چەند ساڵێکە ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە و لە کار و چالاکییەکانیاندا بەشدارییکردووە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەو سنوورە، رایگەیاند، ناوچەکە پێش 16ـی ئۆکتۆبەر بەردەوام هێزی ئەمنی لێبووە، بەڵام ئێستا ناوچەکە چۆڵکراوە و بۆشایی ئەمنی زۆر هەیە، بۆیە بەردەوام چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە هاتوچۆدەکەن و جارجارەش کاروچالاکی دەکەن و هێرشدەکەنە سەر هاووڵاتییان و هەندێک جاریش هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە و چەندین جاریش زیانی گیانی و ماددی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە.
لە دواین رووبەڕووبوونەوەشیدا کە ئەمشەو لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش روویدا، سێ چەکداری داعش کوژران و یەکێکی دیکەش دەستگیرکرا.