نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەی غەززە رووبەڕووی کارەساتی مرۆیی دەبنەوە
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستی و مرۆیی لە کەرتی غەززە دەدات و رایدەگەیەنێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا نزیکەی 950 هەزار ئاوارە مەترسیی لافاویان لەسەرە، کە زیاتر لە 400 هەزاریان لە ناوچە هەرە پڕمەترسییەکاندا نیشتەجێن.
هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، راینهیلدە ڤان دی ڤێردت، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەڵەستین، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە جێنڤ، گوتی: سیستەمی تەندروستی لە غەززە لە سەرووی توانای خۆیەوە کار دەکات، ئەمەش لە ژێر سایەی کەمیی سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان، وێڕای بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان.
هاوکات باسی لەوە کرد، نزیکەی 950 هەزار ئاوارەی غەززە لەو ناوچانەدا دەژین کە مەترسیی لافاویان لەسەرە و، لەو ژمارەیەش 400 هەزاریان لە ناوچەی یەکجار مەترسیداردان.
نوێنەری رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بارانەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە کەرتەکە باریوە، ئاماژەیەکی روونە بۆ قەبارەی ئەو مەترسییانەی لە مانگەکانی داهاتوودا دێنە پێشەوە؛ هاوکات هۆشداری دا کە تێکەڵبوونی ئاوی زێراب و پاشماوەکان بە ئاوی پیسبوو لە نێو کەمپەکاندا، مەترسیی تەشەنەکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان زۆر زیاتر دەکات.
ڤان دی ڤێردت ئاشکرای کرد، حاڵەتەکانی تووشبوون بە هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەناسە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە نزیکەی 33 هەزار حاڵەت بەرز بووەتەوە، هەروەها زیان بەر نۆ بنکەی تەندروستی کەوتووە و بارانبارینیش رێگری لە گەیشتنی کارمەندان و نەخۆشەکان بۆ ناوەندە تەندروستییەکان دروست کردووە.
هەروەها داوای کرد رێگە بە هێنانی چادر، پەڕۆی نایلۆنی داپۆشین، پێداویستییەکانی دابینکردنی ئاوی پاک و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان بدرێت، لە پاڵ هێنانی ئامێری تاقیگەیی، کەلوپەلی پزیشکی، پارچەی یەدەگ، موەلیدە و سووتەمەنی؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە دیاریکردنی خێرای هۆکاری نەخۆشییەکان پێویستی بە ئامێرگەلێکە کە ئێستا لە ناو کەرتەکەدا بەردەست نین.
دووپاتی کردەوە، زستانی چوارەم لە کەرتی غەززە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ سیستمێکی تەندروستی کە گەیشتووەتە لووتکەی داڕمان و، جەختی لە پێویستیی دەستبەجێی جووڵەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە روو لە زیادبووانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی یەکەمی2025ـدا، کەرتی غەززە هێشتا لەناو بازنەی قەیرانێکی مرۆیی قووڵ و پێشێلکارییە مەیدانییەکاندا دەژی. لە کاتێکدا دانیشتووانی کەرتەکە بەدەست ئاسەوارەکانی جەنگ و کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن، هاتنی وەرزی زستان و بارانبارینی بەخوڕ مەینەتیی ئاوارەکانی هێندەی دیکە قورستر کردووە.
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە و راپۆرتە مەیدانییەکانی ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 2026، ئاماری قوربانییان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
کۆی گشتیی قوربانییان (لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە): ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 74 هەزار و 645 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ 175 هەزار و 978 کەس بەرز بووەتەوە.
قوربانییانی دوای ئاگربەست (لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە): سەرەڕای بوونی ئاگربەست، بەهۆی بەردەوامیی هێرش و گرژییەکانەوە، لانیکەم هەزار و 614 فەڵەستینی کوژراون و 5 هەزار و 849 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دۆزینەوەی تەرمەکان: تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە لە ماوەی دوای ئاگربەستدا تەرمی 850 کەسی دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا دەربهێننەوە.
ئاماری هەفتانە: تەنیا لە ماوەی نێوان 3 بۆ 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بەهۆی رووداوە سەربازییەکانەوە 22 هاووڵاتی کوژراون و90 کەسی دیکە بریندار بوون، ئەمە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین هاووڵاتی و منداڵ بەهۆی داڕمانی لم و لافاو بەسەر خێوەتەکانیاندا.