شەقامەکانی پاریس بە پۆلیس دەتەنرێن
فەرەنسا 70 هەزار پۆلیس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان بڵاودەکاتەوە
حکوومەتی فەرەنسا رایگەیاند، 70 هەزار ئەفسەر و پۆلیس بڵاودەکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە خۆپیشاندانەکان دژی گرانیی ژیان لە فەرەنسا بەڕێوەدەچن و بەردەوامن.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، لۆران نونییز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختیکردەوە، هەمان رێوشوێنی ئەمنیی شەممەی رابردوو پەیڕەو دەکرێت. نونییز روونیکردەوە، پلانە ئەمنییەکە نەرم و خێرا دەبێت و لەگەڵ جووڵەی ئەو گرووپانەدا خۆی دەگونجێنێت کە مەترسیدارن و بۆ خۆدزینەوە لە چاودێریی هێزە ئەمنییەکان، دابەشی سەر گرووپی بچووک دەبن.
بەوگێرەی سەرچاوەیەکی پۆلیس، پێشبینی دەکرێت لە پاریس 30 بۆ 60 هەزار کەس بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن، لەنێویاندا 300 بۆ 600 کەس لەو کەسانەن کە بە مەترسیدار هەژمارکراون. هەروەها بەگوێرەی زانیاریی دەسەڵاتداران، شەممەی رابردوو 146 هەزار کەس لە سەرانسەری فەرەنسا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، کە 46 هەزاریان لە پاریس بوون، ئەم ژمارەیەش بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی پێشوو کەمیکرد.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ناوخۆ ئاشکرایکرد، سەندیکاکان هیچ رێڕەوێکی دیاریکراویان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ رانەگەیاندووە.
نونییز گوتی: "ئەمە زیاتر نیگەرانمان دەکات، چونکە مانای ئەوەیە خۆپیشاندانەکان لەژێر چاودێریدا نابن و بەرپرسیارێتیی رێکخستنیان دەکەوێتە ئەستۆی سەندیکای قوتابیان و نوێنەری قوتابیانی ئامادەیی، کە ئەزموونیان کەمترە".
وەزیری ناوخۆ هەروەها پێشبینیکرد، 50 بۆ 60 خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت.
نونییز گوتیشی: "ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕان و دزان".