هێمن قادر: بەردەوامین لە تۆمارکردن و خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر
لە دووشەممەی رابردووەوە، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر و نوێنەرانی قایمقامییەتەکان دەستبەکار بووە بۆ تۆمارکردن و خەمڵاندنی زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر.
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکرێت، دواتریش حکوومەت هاوشێوەی ساڵانی رابردوو و بە گوێرەی توانا، بەشێک لە زیانی هاووڵاتییان قەرەبوو دەکاتەوە.
جێگری پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە، لیژنەی تایبەت بە خەمڵاندنی زیانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاوی بارانەوە زیانیان پێگەیشتووە، بەردەوامە لە تۆمارکردن و خەمڵاندنی زیانەکانیان.
لیژنەکە لە کادری شارەزا، ئەندازیارانی میکانیک، نوێنەری بەشی یاسایی و پسپۆڕانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەولێر پێکدێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد و پیشەییانە خەمڵاندن بۆ زیانەکان بکەن.
ئامانجی سەرەکیی لیژنەکە، دڵنیابوونەوەیە لە خەمڵاندنێکی ورد و دادپەروەرانەی زیانەکان و پاراستنی مافە یاساییەکانی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتوو.
کارەکانی لیژنەکە تا تەواوکردنی پڕۆسەی تۆمارکردن و خەمڵاندنی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاو و بارانبارینەوە زیانیان پێگەیشتووە، بەردەوام دەبێت. گوتیشی تاکوو ئێستا 171ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو توماركراون.

ئێوارەی رۆژی شەممە 7ـی ئەم مانگە بەهۆی بارانی بە خووڕ و لێزمە، ئاوی باران لە چەند گەڕەکێکی هەولێر پەنگیخوارەوە و بەهۆیەوە لافاو دروستبوو، جیا لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی کە یەکێکیان منداڵێکی پێنج ساڵان و ئەوەی دیکەش گەنجێکی شۆفێری شۆفڵ بوو کە بە هانای خەڵکەوە چوو بوو، بەڵام گیانیان لە دەستدا، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە چەند گەڕەکێکی هەولێر ئاو چووە ماڵەکانیان و ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش ئۆتۆمبێلەکانیان ژێر ئاو کەوت.
هەرچەندە تا ئێستا قەبارە زیانە ماددییەکان نەزانراوە بەڵام بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لیژنەی تایبەت بۆ تۆمارکردنی زیانەکان پێکهێنراوە و هەر ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەکان دەستبەکاربوون