دیندار زێباری: 2526 ئێزیدی ونن و تاوانەکانی داعش بێ سزا ماون

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

چاوپێکەوتنی تایبەتی کوردستان24 لەگەڵ د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش، هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتیی حکوومەتی عێراق.

دەقی چاوپێکەتنەکە: 

کوردستان24: د. دیندار زێباری، لە روانگەی ئێوەوە گرنگترین هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش چین؟

دیندار زێباری: لە 3ی ئابی 2014 و دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و مرۆیی، دەستی بە پرۆسەیەکی دامەزراوەیی بۆ تۆمارکردن و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان کرد. ئامانجمان ئەوە بووە راستییەکانی ئەو جینۆسایدە تۆمار بکرێن، شایەتیی قوربانییان بپارێزرێت، بەڵگەکان لەناو نەچن و دواتر بتوانرێن لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا بەکاربهێنرێن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 5000 ئێزیدی کوژران و 6417 کەس رفێنران، لەوانە 3548 پیاو و 2869 ئافرەت و کچ بوون. تا ئێستا 3595 کەس رزگار کراون و 2526 کەس هێشتا بە ونبوو ماونەتەوە. ئەم ژمارانە نیشانەی قەبارەی تاوانەکانن، بەڵام لە پشت هەر ژمارەیەکەوە ژیان و چارەنووسی مرۆڤ و خێزانێک هەیە. بۆیە ئەرکی ئێمە تەنیا تۆمارکردنی ژمارەکان نییە، بەڵکوو گەیشتن بە راستی، دیاریکردنی چارەنووسی ونبووان و دابینکردنی دادپەروەرییە.

 

کوردستان24: لە بواری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی قوربانییاندا چ ئامارێکتان هەیە؟

دیندار زێباری: بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 93 گۆڕی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە. هەروەها 296 تەرم هەڵکەندراون، ناسێنراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ خێزانەکانیان؛ بەڵام پێویستە جیاوازی لە نێوان ژمارەی گۆڕە دۆزراوەکان، گۆڕە هەڵکەندراوەکان و تەرمە ناسێنراوەکاندا بکرێت. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی یەزدا (Yazda) لە ساڵی 2025، زیاتر لە 95 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری تۆمار کراون، 74 گۆڕ هەڵکەندراون و 297 کەس بە فەرمی ناسێنراون. هەروەها 437 تەرم لە تاقیگەکانی پزیشکیی دادوەری لە بەغدا چاوەڕێی ناسینەوە بوون.

ئەم زانیارییانە نیشان دەدەن پرۆسەی هەڵکەندن و ناسینەوە هێشتا تەواو نەبووە. پێویستە حکوومەتی عێراق بودجە، پسپۆڕ، تاقیگەی پێشکەوتوو و رێکاری کۆکردنەوەی نموونەی (DNA) لە خێزانەکان دابین بکات، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی لە دەرەوەی عێراق دەژین.

 

کوردستان24: ئۆفیسی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان چ رۆڵێکی لە هاوکاریی نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکاندا هەبووە؟

دیندار زێباری: ئۆفیسی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رۆڵی هەماهەنگی و پەیوەندیی دامەزراوەیی و دیپلۆماسیی هەبووە. ئەرکمان ئەوە بووە کار و زانیارییەکانی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنینە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو داواکاری و راسپاردانە بکەین پەیوەندییان بە دادپەروەری و مافەکانی قوربانییانەوە هەیە. یەکێک لە گرنگترین نموونەکان، هاوکارییەکەمان لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوانەکانی داعش (UNITAD) بووە.

لە 11ی تەممووزی 2024، بڕی 45.95 گێگابایت بەڵگە و داتای پارێزراو گواسترایەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، لە 25ی ئابی 2024ـیش 11.9 گێگابایتی دیکە لە داتا و هەڵسەنگاندنی یاسایی گەیەنرایە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم.. کۆی ئەم دوو گواستنەوەیە 57.85 گێگابایت بوو. ئەمە بەڵگەیەکی گرنگی هاوکاریی دامەزراوەییە، بەڵام دەبێت روون بێت پاراستنی بەڵگەکان و بەکارهێنانیان لە دادگادا ئەرکێکی بەردەوامە و نابێت بە کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردنی (UNITAD) بوەستێت.

 

کوردستان24: (UNITAD) لە ماوەی کارکردنیدا چ ئەنجامێکی بەدەست هێنا و ئێستا چی لەسەر حکوومەتی عێراق ماوەتەوە؟

دیندار زێباری: بەپێی راگەیەنراوی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 16ی ئەیلوولی 2024، تیمی (UNITAD) لە ماوەی کارکردنیدا 19 هەڵسەنگاندن و راپۆرتی لێکۆڵینەوەی ئامادە کردووە. ئەم راپۆرتانە تاوانەکانی داعش دژی کۆمەڵگە جیاوازەکانی عێراقیان لەخۆ گرتووە.

هەروەها:

- 68 گۆڕی بەکۆمەڵی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی داعش بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵکەندراون.
- 20 ملیۆن تۆماری کاغەزیی پەیوەندیدار بە داعش دیجیتاڵ و ئەرشیف کراون.
- نزیکەی 300 داواکاریی یارمەتی لە 21 دەوڵەتی دیکەوە وەرگیراون.
- لانیکەم 18 دۆسیەی لێکۆڵینەوە بە پشتگیریی UNITAD گەیشتوونەتە قۆناخی تۆمەتبارکردن.
- لانیکەم 15 دۆسیە لەو وڵاتانەدا بە بڕیاری تاوانبارکردن کۆتاییان هاتووە.

ئەم ژمارانە دەستکەوتی (UNITAD) و هاوکاریی نێودەوڵەتین، نەک ئەنجامی کارێکی تاکەکەسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەڵام بۆ ئێمە گرنگە ئەو ئەزموون و بەڵگانە لە پرۆسەی دادوەریی عێراقدا بەکاربهێنرێن.

کۆتاییهاتنی ئەرکی (UNITAD) لە 17ی ئەیلوولی 2024 بە مانای کۆتاییهاتنی بەرپرسیارێتیی عێراق نییە. تۆماری تەواوی تیمەکە لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان پارێزراوە، بەڵام حکوومەتی عێراق دەبێت رێکاری یاسایی و تەکنیکی بۆ دەستگەیشتن و بەکارهێنانی ئەو بەڵگانە لە دادگاکاندا دابین بکات.

 

کوردستان24: لە رووی یاساییەوە، ئایا عێراق تاوانەکانی داعشی بە تەواوی لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا دادگایی کردووە؟

دیندار زێباری: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین کێشەکان. تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان و کۆمەڵگەکانی دیکە تەنیا تاوانی ئەندامبوون لە گرووپێکی تیرۆریستی نەبوون، بەڵکوو جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، کۆیلایەتیی سێکسی، رفاندن و تاوانە قورسەکانی دیکەیان لەخۆ گرتووە. لە عێراقدا ژمارەیەکی زۆر لە تاوانبارانی داعش بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی دادگایی کراون، بەڵام ئەمە بە تەواوی جێگەی لێپرسینەوە لە تاوانە تایبەتەکانیان ناگرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2025، تا ئەو کاتە هیچ دادگاییکردنێکی ناوخۆیی بە شێوەیەکی تایبەت بۆ تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسیی داعش ئەنجام نەدرابوو، واتە تاوانباران بە شێوەیەکی تایبەت و رێکخراو بۆ ئەو تاوانانە دادگایی نەکرابوون. بۆیە داواکاریی ئێمە ئەوەیە عێراق چوارچێوەیەکی یاسایی روون بۆ جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ دابین بکات، تا دادگا بتوانێت سروشتی راستەقینەی تاوانەکان و بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی تاوانباران لەبەرچاو بگرێت.

 

کوردستان24: حکوومەتی عێراق تا ئێستا لە بواری لێکۆڵینەوە و تۆمارکردنی تاوانەکاندا چ کارێکی کردووە؟

دیندار زێباری: پێویستە دان بەوەدا بنرێت دامەزراوە فیدراڵییەکان لە بواری لێکۆڵینەوە، تۆمارکردنی سکاڵا، پشتیوانیی قوربانییان و جێبەجێکردنی یاسای قوربانییانی ئێزدی هەندێک هەنگاویان ناوە.

بەپێی زانیارییەکانی حکوومەتی عێراق، لە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ساڵی 2025 بڵاو کراوەتەوە، تا ئایاری 2025:

- 2991 دۆسیە لەسەر تاوانەکانی داعش تۆمار کرابوون.
- 3290 سکاڵاکار و قوربانی لە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە تۆمار کرابوون.
- 3090 قوربانی وەک ونبوو تۆمار کرابوون، لەوانە 1222 ژن و 1868 پیاو.
- 2848 قوربانی خزمەتی پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان وەرگرتبوو.

هەروەها لە ساڵی 2024ـدا 39 بڕیاری دادوەری دژی تاوانبارانی داعش دەرچووە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ژمارەی بڕیارەکان بە تەنیا نیشانەی دادپەروەریی تەواو نییە. دەبێت بزانین چەند بڕیار بە تایبەتی پەیوەندییان بە جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و توندوتیژیی سێکسییەوە هەبووە.

ئێمە هەنگاوە ئەرێنییەکانی دامەزراوە فیدراڵییەکان دەبینین، بەڵام پێویستە ئەم هەنگاوانە بگەنە ئاستی لێپرسینەوەی یاسایی و دادگاییکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

 

کوردستان24: ئەرک و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی حکوومەتی عێراق لە ئێستادا چین؟

دیندار زێباری: بەرپرسیارێتیی حکوومەتی عێراق چەند لایەنێکی سەرەکی هەیە:

1. بەرپرسیارێتیی یاسایی: پەسەندکردن و جێبەجێکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دڵنیابوون لەوەی تاوانبارانی جینۆساید و تاوانەکانی دیکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی دەکرێن.

2. بەرپرسیارێتیی لێکۆڵینەوە: بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان، پاراستنی بەڵگەکان و بەکارهێنانی تۆمارگەی UNITAD و زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق.

3. بەرپرسیارێتیی مرۆیی: تەواوکردنی هەڵکەندنی گۆڕەکان، ناسینەوەی تەرمەکان، دابینکردنی پشکنینی DNA و گەڕاندنەوەی پاشماوەی تەرمەکان بۆ خێزانەکانیان.

4. بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوە: جێبەجێکردنی تەواوی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2021ـی قوربانییانی ئێزدی و دابینکردنی مووچە، خزمەتگوزاریی تەندروستی، چارەسەری دەروونی، خوێندن و نیشتەجێبوونیان.

5. بەرپرسیارێتیی سیاسی و تەناهی: جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و بەڕێزی ئاوارەکان.

ئەم بەرپرسیارییانە تەنیا داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکوو ئەرکی دەوڵەتی عێراقن بەرانبەر هاووڵاتییانی خۆی و بەرانبەر یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.

 

کوردستان24: یاسای قوربانییانی ئێزدی ژمارە هەشتی ساڵی 2021 تا چەند جێبەجێ کراوە؟

دیندار زێباری: پەسەندکردنی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2021 دەستکەوتێکی گرنگ بوو، چونکە یاساکە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدی، تورکمان، شەبەک و مەسیحییەکان لەخۆ دەگرێت و رێکاری قەرەبووکردنەوە و پشتیوانی بۆ قوربانییان دیاری دەکات.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا 31ی تشرینی یەکەمی 2025 نزیکەی 2600 داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرەبوو پەسەند کرابوو، لەوانە 1341 داواکاری پەیوەندییان بە ژن و کچانی قوربانیی توندوتیژیی سێکسی و جێندەرییەوە هەبوو.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئابی 2024ـەوە پشتیوانییەکی دارایی مانگانەی نزیکەی 100 دۆلار بۆ رزگاربووانی تاوانەکانی داعش دەست پێ کردووە.

بەڵام پەسەندکردنی داواکاری بە مانای تەواوبوونی قەرەبووکردنەوە نییە. پێویستە حکوومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی هەموو ئەو کەسانەی شایستەی یارمەتین، بەبێ بەربەستی کارگێڕی و یاسایی، مافەکانیان وەربگرن.

 

کوردستان24: رێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە چ دۆخێکدان؟

دیندار زێباری: رێککەوتنی شنگال، لە 9ی تشرینی یەکەمی 2020 لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، ئامانجی سەرەکیی ئەوە بوو دۆخی کارگێڕی و ئاسایشی شنگال رێک بخرێتەوە و بنەمای گەڕانەوەی ئاوارەکان دابین بکرێت؛ بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە تەواوی نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی. هێشتا کێشەی ئاسایش، بوونی چەندین هێزی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی دەوڵەت، کێشەی کارگێڕی، کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی ژێرخانی گونجاو هەیە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی یەزدا (Yazda) لە ساڵی 2025، لە شنگال لانیکەم 11 گرووپی چەکدار هەبوون. ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایش و هەستی متمانەی دانیشتووان هەیە. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە شنگال پێویستی بە ئاسایشی یاسایی، دەسەڵاتی کارگێڕیی رێکخراو، خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان هەیە. گەڕانەوەی ئاوارەکان دەبێت سەلامەت، ئارەزوومەندانە و بەڕێز بێت.

 

کوردستان24: لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئۆفیسەکەتان چۆن داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە؟

دیندار زێباری: ئێمە لە رێگەی پەیوەندییە دامەزراوەییەکانمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆفیسەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانەوە، بەردەوام بابەتی جینۆسایدی ئێزدییەکان و پێویستیی دادپەروەریمان خستووەتە بەرباس.کارەکەمان تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدەین داواکارییەکان بگۆڕین بۆ هەماهەنگیی دامەزراوەیی، پشتیوانیی تەکنیکی، هاوکاریی یاسایی و بەرنامەی کرداری. لەو چوارچێوەیەدا، گرنگی بە پاراستنی بەڵگەکان، پشتگیریی پرۆسەی ناسینەوەی قوربانییان، دابینکردنی دادپەروەری بۆ رزگاربووان و بەردەوامبوونی چاودێریی دۆخی شنگال دەدەین.

 

کوردستان24:  داواکارییە سەرەکییەکانتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چین؟

دیندار زێباری: داواکارییەکانمان روونن:

1. پاراستنی تۆمارگەی UNITAD و دابینکردنی دەستگەیشتنی یاسایی بە بەڵگەکان لە پرۆسەی دادوەریدا.

2. بەردەوامبوونی هاوکاریی تەکنیکی بۆ هەڵکەندنی گۆڕەکان، پشکنینی DNA و ناسینەوەی قوربانییان.

3. پشتیوانی لە عێراق بۆ دابینکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لێپرسینەوە لە تاوانباران.

4.  چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای قوربانییانی ئێزدی و دڵنیابوون لە گەیشتنی قەرەبوو و خزمەتگوزارییەکان بە قوربانییان.

5. پشتیوانیی دارایی و تەکنیکی بۆ نۆژەنکردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.

6. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قۆناغی دانپێدانانی جینۆسایدەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی دادپەروەری.

 

کوردستان24: لە کۆتاییدا، پەیامەکەتان بۆ قوربانییانی جینۆساید و خەڵکی شنگال چییە؟

دیندار زێباری: پەیامەکەمان ئەوەیە جینۆسایدی ئێزدییەکان نابێت لەبیر بکرێت و قوربانییان نابێت بە تەنیا بهێڵدرێنەوە. رزگارکردنی شنگال و رزگارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێزدی لە دەستی داعش، بە قوربانیدانی پێشمەرگە و هەوڵی هێزەکانی هەرێم بەدەست هات؛ بەڵام ئەرکی ئێمە تەنیا یادکردنەوەی رابردوو نییە، دەبێت چارەنووسی ونبووان دیاری بکرێت، تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە، تاوانباران دادگایی بکرێن، قوربانییان قەرەبوو بکرێنەوە و شنگال وەک ناوچەیەکی ئارام و ئاوەدان بۆ دانیشتووانەکەی بگەڕێتەوە. دادپەروەری تەنیا بە دانپێدانان بە جینۆساید تەواو نابێت، بەڵکوو بە لێپرسینەوە، قەرەبووکردنەوە، گەڕاندنەوەی مافەکان و دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو تاوانانە تەواو دەبێت.