لە پاریس رێوڕەسمی رێزلێنان لەقوربانییانی پێشمەرگە و فەرەنسا بەڕێوەدەچێت

بڕیارە رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ناوچەی 15ـی پاریسی فەڕەنسا، زنجیرەیەک رێوڕەسمی تایبەت بۆ رێزلێنان لە جەنگاوەرە دێرینەکان و تێکۆشەرانی کورد و فەڕەنسی سازدەکرێت کە لە پێناو ئازادیدا گیانیان بەختکردووە، لەگەڵ رێزلێنانی تایبەت لە پێشمەرگە.

ئەم چالاکییە بە دروشمی "یەکگرتوو بۆ جیهانێکی ئازاد" لەلایەن کۆمەڵەی برایەتیی فەڕەنسا و پێشمەرگە رێکدەخرێت. هاوکات نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی تێیدا بەشدار دەبن، وەک گوزارشتێک لە هاوپەیمانی و قوربانیدانی هاوبەشی هەردوو گەل لە پێناو بەها مرۆییەکان و ئازادیدا.

بەپێی بەرنامەی راگەیەندراو، کاتژمێر 14:00 پێشوازی لە میوانان دەکرێت و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی بەرنامەکان لە باخی ئوژێنی جێندی (Jardin Eugénie Djendi) دەستپێدەکات لەبەردەم مۆنۆمێنتی یادەوەریی ئەو سەربازانەی بۆ فەڕەنسا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵاتدا گیانیان بەخت کردووە، ناونیشانی رێوڕەسمەکە، 29 شەقامی مۆنتانی دو لا فاژ (29, rue Montagne de la Fage) لە ناوچەی 15ـی پاریس، گۆشەی شەقامەکانی سانت شارل و باڵار (Saint-Charles et Balard).

کاتژمێر 14:30، لە هەمان شوێن و لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی فەڕەنسا لە باخی ئوژێنی جێندی، رێوڕەسمی فەرمیی رێزلێنان لە تێکۆشەرانی کورد و فەڕەنسیی شەهیدبوو لە پێناو ئازادی بەڕێوەدەچێت.

دواتر کاتژمێر 15:30، بەشداربووان لە رێڕەوی پێشمەرگە (Allée des Peshmerge) لەناو پارکی ئەندرێ سیتڕۆن (Parc André Citroën) کۆدەبنەوە و بە وەستان و ساتێک بێدەنگی، رێز لە قوربانییەکان دەگرن.

لە دوایین بڕگەی بەرنامەکەشدا، کاتژمێر 16:30، رێوڕەسمێکی تایبەت بە رێزلێنان لە پێشمەرگە لە هۆڵی شووشەیی پارکی ئەندرێ سیتڕۆن (Serre Parc André Citroën) لە ناونیشانی 2، شەقامی مۆنتانی دو لا فاژ (2, rue Montagne de la Fage) لە ناوچەی 15ـی پاریس بەڕێوەدەچێت.