پڕۆسەی ئاشتی ژیانی بۆ گوندەکانی ئامێدی گەڕاندووەتەوە

دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، ئارامی بۆ گوندە سنوورییەکانی قەزای ئامێدی گەڕاوەتەوە و ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا دەستی پێ کردووە، پەیامنێری کوردستان24ـیش لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا بۆ گوندی گوهەرزێ گەڕانەوەی زیاتر لە 160 خێزان و دەستپێکردنەوەی کاری ئاژەڵداران و جووتیاران دەگوازێتەوە.

بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24 سەردانی گوندی گوهەرزێی لە سنووری ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی کرد و لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی رابردوودا لە تورکیا، شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا راگیراوە و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەستی پێ کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەروو، گوندی گوهەرزێ پێشتر 36 جار کەوتووەتە بەر هێرشەکانی شەڕی نێوان هەردوولا و بەهۆی ئەو شەڕەشەوە لە سنووری قەزای ئامێدی زیاتر لە 300 گوند ئاوەدان نەکرابوونەوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە 160 خێزان لە گوهەرزێ نیشتەجێن و خەریکی کار و ژیانی رۆژانەی خۆیانن.

پێشتر بەهۆی ترسی شەڕ و تۆپبارانەوە، ئاژەڵدارەکان نەیاندەتوانی بە ئازادی روو لە چیاکان بکەن. ئەحمەد سەعدوڵڵا، ئاژەڵدار و دانیشتووی گوندەکە پێشتر نەیدەتوانی مەڕوماڵاتەکەی لە 200 مەتر زیاتر لە شەقامەوە دوور بخاتەوە، بەڵام ئێستا بێ ترس لە چیاکان دەیانلەوەڕێنێت.

 ئەحمەد سەعدوڵڵا بە کوردستان24ـی گوت، ئێستا دۆخەکە سوپاس بۆ خوا زۆر ئارامترە، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر شەڕ لێرە وەک بەرەیەکی شەڕی لێ هاتبوو، نەتدەتوانی 200 بۆ 300 مەتر لە گوند دوور بکەویتەوە، یان درۆنیان دەهێنایە سەرت یان تەقەیان لێ دەکردیت، بەڵام ئێستا تەقە نەماوە و ئارامییە.

هاوکات تالب موسا، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە رایگەیاند، شەڕ و تۆپ و فڕۆکە نەماون و ئێستا بۆ بەخێوکردنی مەڕوماڵات و کارکردن لەسەر زەوییەکانیان دەچنە دەرەوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم مەلا ئەحمەد باسی رۆژانی شەڕی کرد و گوتی، پێشتر تۆپ دەکەوتنە ناو ماڵەکان و دەوروبەری گوندەکە و خەڵک نەیدەتوانی بچێتە نزیکی بەرزاییەکان، دۆخێکی ناخۆش بوو، بەڵام ئێستا زۆر باشە و هیچ ترسێک نییە. 

شاکر گوهەرزی، هاووڵاتییەکی دیکەی گوندەکەش جەختی کردەوە، سوپاس بۆ خوا تا ئێستا تۆپباران نەبووە و ئارامن، هیوا و داواکاریی ئەوانیش ئەوەیە ناوچەکە بە تەواوی بەجێ بهێڵن و بڕۆن، بۆ ئەوەی زیاتر ئاسوودە بن و جارێکی دیکە ئاوەدانیی زیاتر بگەڕێتەوە.

پرۆسەی ئاشتی ئارامیی هێناوەتە ناوچەکە و رەوشی خەڵکی لە ترس و شەڕەوە بەرەو ژیانێکی ئارام گۆڕیوە، هاوکات دەرگای کار و بژێویی بە رووی هاووڵاتییاندا کردووەتەوە، ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ گوندە سنوورییەکان، چونکە ساڵانێکی درێژ بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیاوە لەم ژیانە ئارامە دوور بوون.

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2024 دوای دەستپێشخەرییەکانی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێ کرد و پاش چەندین سەردان بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. دواتر لە ئایاری 2025 پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و لە ئابی 2026 پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسایەکی 12 بڕگەیی پەسەند کرد، هاوکات دەستەی چاودێریی پرۆسەکە لە حکوومەتی تورکیا چوار گرووپی کاری بۆ قۆناغی جێبەجێکردن پێک هێنا.

قەزای ئامێدی 28%ـی رووبەری پارێزگای دهۆک پێک دەهێنێت و لە شەش یەکەی کارگێڕی، هەشت شارەوانی و 356 گوند پێک هاتووە. پێش راگرتنی شەڕ، بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەوە 201 گوندی قەزاکە چۆڵ کرابوون و زیاتر لە 300 گوند نەتوانرابوو ئاوەدان بکرێنەوە، تەنانەت لە شوباتی 2025ـیشدا شەڕ گەیشتبووە ناو گوندی گوهەرزێ و زیانی بە ماڵی هاووڵاتییان گەیاندبوو، بە جۆرێک دانیشتووانەکەی نەیاندەتوانی بە ئازادی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن.