ئەمەریکا: پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان هێرشی سایبەری نەبوو
وەزیری گواستنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن رایگەیاند، ئەو پەککەوتنە کاتییەی رۆژی رابردوو لە سیستەمی چاودێریی فڕۆکەوانیدا روویدا، بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە هێرشی ئەلیکترۆنی یان دەستێوەردانی وڵاتێکی بیانییەوە نەبووە، بەڵکوو هەڵەیەکی تەکنیکی بووە.
شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باسیان لە هێرشی سایبەری دەکرد، ئاشکرای کرد؛ دەستبەجێ دوای ئەوەی توانیویانە کێشەکە لەو بنکە دوورەدەستەی چاودێریی فڕۆکەوانی دیاری بکەن، سەرجەم سیستەمەکانی فڕۆکەوانی گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی.
شۆن دەفی روونی کردەوە، کێشەکە لە کاتی کارکردنی کۆمپانیای بەڵێندەری روویداوە، کاتێک تیمەکان سەرقاڵی گۆڕینی هێڵە زۆر کۆنەکانی تەلەفۆن و کێبڵی مسی بوون بۆ فایبەر ئۆپتیک و گواستنەوەی سیستەمەکە لە ئەنالۆگەوە بۆ دیجیتاڵی، کە لەو کاتەدا بەهۆی هەڵەی بەڵێندەر یان کەموکوڕی لە راوتەرەکەدا، سیستەمەکە لە هەر چوار بۆ پێنج چرکەیەکدا زیاتر لە هەزار هەوڵی پەیوەستبوونی بە راوتەرەکانی دیکەی تۆڕەکەوە داوە و ئەمەش شڵەژانی لە هێڵی پەیوەندیی فڕۆکەوانان و شاشەی رادارەکان دروست کردووە.
وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە، ئێستا سیستەمی فڕۆکەوانی بە تەواوی توانای خۆی کار دەکات و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە، ستایشی لێهاتوویی و راهێنانی بەرزی فڕۆکەوانان و کارمەندانی تاوەری چاودێریی فڕۆکەوانیی ئەمەریکای کرد کە توانیویانە بە شێوازێکی زۆر نایاب و بێ زیان فڕۆکەکان لە کاتێکی کەمدا بنیشننەوە و ئاسایشی گەشتیاران بپارێزن.
ئاماژەی بەوە کرد، ئاسمانی ئەمەریکا نەک تەنیا سەلامەتترینە، بەڵکوو قەرەباڵخترین کایەی ئاسمانییە لە سەرانسەری جیهاندا لە رووی قەبارەی گەشتە بازرگانی و مەدەنییەکانەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دەفی باسی لەوە کرد کە زۆربەی دامەزراوەکانی ئەمەریکا دەیان ساڵە سیستەمی پەیوەندییەکانیان بۆ فایبەر ئۆپتیک گۆڕیوە، بەڵام دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان لە رابردوودا لەم کارە دواکەوتووە. وەزیری گواستنەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا پێی راگەیاندووە، ئامادەیە هەموو سەرچاوە و بودجەیەکی پێویستی حکوومەتی فیدراڵ دابین بکات تاوەکو کەرتی فڕۆکەوانی بە تەواوی نۆژەن بکرێتەوە.
وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا داوای لە ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران کرد کە ململانێ و ناکۆکییە حزبییەکان وەلابنێن و لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و کەرتی فڕۆکەوانی هاوکار بن بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست؛ بەتایبەت کە ئێستا وڵاتەکە لە بەردەم پشووەکانی جەژنی رۆژی سوپاسگوزاری نزیک دەبێتەوە کە قەرەباڵخترین وەرزی گەشتکردنە لە ئەمەریکادا، جەختیشی کردەوە کە بەشی زۆری ئەو بودجەیەی خەرج دەکرێت دەچێتە خزمەت فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەو شار و ویلایەتانەی کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
هەروەها براین بێدفۆرد، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی کێشەی پەیوەندییەکانەوە، تەنیا لە رۆژی هەینیدا 12 هەزار گەشتی ئاسمانی بە تەواوی هەڵوەشێنراونەتەوە.
سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن بۆ رۆژی شەممەش لە نێوان چوار بۆ پێنج هەزار گەشت لە کۆی 41 هەزار گەشتی دیاریکراو هەڵبوەشێنرێنەوە تا ئەو کاتەی تەواوی گەشتەکان بە تەواوی دەکەونەوە سەر رێڕەوی ئاسایی خۆیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە راگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە بە دەگمەن وەسف کرا و هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی نائاسایی و هۆکاری پەیوەست بە سەلامەتی گەڕێندرایەوە.