هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی هی یەک رەنگ، یەک حزب نییە

 پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند کە هیچ کەسێک لەگەڵ لەتکردنی هەرێمی کوردستاندا نییە و سلێمانی دایکی راستەقینەی ئەم هەرێمەیە و بە هیچ جۆرێک لەم قەوارەیە زیز نابێت؛ هاوکات جەختی کردەوە کە پێویستمان بە حکوومەتێکی کۆکەرەوەیە کە بڕوای بە ئیدارە خۆجێییەکان هەبێت و هیچ هێزێکی سیاسییش مافی تاکڕەویکردنی بەسەر وڵاتدا نییە.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر, پارێزگاری سلێمانی میوانی بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ ئەوەدا نییە سلێمانی بچێتە سەر شوێنێکی تر، هیچ کەسێک لەگەڵ لەتکردنی هەرێمی کوردستاندا نییە. سلێمانی دایکە راستەقینەکەی ئەم هەرێمەیە و بە هیچ جۆرێک لەم قەوارەیە زیز نابێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی کوردستان خاکەکەیان رزگار کردووە ئینجا هێزە سیاسییەکان هاتوون، بۆیە گوتی: هیچ هێزێکی سیاسی مافی پاشایەتی و تاکڕەویکردنی بەسەر ئەم وڵاتەوە نییە. ئەو کەسە بە خاوەنی راستەقینەی سلێمانی دەزانرێت کە خزمەتی بکات، لە جیاوازییەکانی تێبگات و فرەڕەنگیی ئەم شارە قبووڵ بکات، چونکە چارەنووسمان هەموومان پێکەوەیە و لە چارەنووسێکی هاوبەشدا دەژین.

پارێزگاری سلێمانی سەرنجی خستە سەر پێویستیی یەکڕیزی لەم قۆناخەدا و گوتی: ئێمە لەم قۆناخەدا پێویستمان بە حکوومەتێکی کۆکەرەوەیە، حکوومەتێک کە خۆی بە حکوومەتی تەواوی هەرێمی کوردستان بزانێت، بڕوا و متمانەی بە ئیدارە خۆجێییەکان هەبێت و هەنگاوەکانی لەگەڵ خواست و داخوازییەکانی خەڵکدا بگونجێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی بۆنە و یادەکانی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر روونی کردەوە کە پێویستە بۆنە جەماوەری و کولتوورییەکان بە فەرمی نەکرێن و حکوومەت تەنیا ئەرکی زەمینەسازی و پاراستنی ئاسایش لە ئەستۆ بگرێت، تا خەڵک و رێکخراوەکان خۆیان رەنگ و دەنگی خۆیان پێشان بدەن.

پارێزگاری سلێمانی دووپاتی کردەوە کە خەڵکی سلێمانی سەلماندوویانە ئەم شارە تەنیا لە یەک رەنگ، یەک حزب یان دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان پێک نایەت، بەڵکوو شارێکە هی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە و لە رێگەی زیندووکردنەوەی کولتوور و مێژووەکەیەوە، پێگەی راستەقینەی خۆی دەپارێزێت.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەم، 242 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سلێمانیدا تێدەپەڕێت و ساڵانە لە 14ـی تشرینی دووەمدا، ئەم یادە بە چەندین چالاکیی کولتووری، هونەری و رۆشنبیری دەکرێتەوە.

 شاری سلێمانی لە 14ـی تشرینی دووەمی 1784 لەلایەن "ئیبراھیم پاشای بابان"ـەوە دروست کراوە، ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە "سلێمان پاشا" ناوناوە. سلێمانی جگە لەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بووە، لە ھەمان کاتدا مەڵبەندێکی بازرگانی و رۆشنبیری ناوچەکەش بوو.

لە ساڵانی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە، شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی رۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و راپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.

بەپێی رۆژنامەی ژین لە ساڵی 1955 پانی رووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەتر بووە و ژمارەی دانیشتووانی گەشتووەتە نزیکەی 60 ھەزار کەس و نزیکەی 7 ھەزار خانووی تیادا بووە، کە لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتبوو، ئەوانیش (کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەنی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن).