کوشنەر: بیرۆکەی نوێ بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا هەن

راوێژکاری باڵا و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی نێردەی ئاشتیی ئەمەریکا، لە پەیامێکدا دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤی خستە ڕوو و رایگەیاند؛ دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین و ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی سەریان هەڵداوە و لە گفتوگۆ نهێنییەکانیشدا هەردوولا لە گرنگیی سازشکردن تێگەیشتوون.

شەممە 14ی تشرینی دووەمی 2026، جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵا و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی نێردەی ئاشتیی ئەمەریکا لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کرد، هاوشانی نێردەی تایبەتی ئاشتیی ئەمەریکا، لە راوێژی چڕ و بەردەوامدان لەگەڵ رووسیا، ئۆکرانیا و هاوبەشە ئەوروپییەکان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، جەختیشی کردەوە، لەم قۆناخەدا تەواوی سەرنجیان لەسەر رەخساندنی زەمینەیە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی ئەوروپا، هاوکات ئامادەکاری بۆ کارنامەی خولی نوێی دانوستانە سێقۆڵییەکان دەکرێت.

کوشنەر ئاشکرای کرد: لە میانی ئەم گفتوگۆیانەدا چەندین بیرۆکەی نوێ هاتوونەتە کایەوە کە ئێستا تاوتوێ دەکرێن؛ رەنگە هەندێکیان راستەوخۆ ببنە هۆی وەرچەرخان لە پرۆسەی ئاشتیدا، هەندێکی دیکەشیان دەبنە پێشنیازی کرداری بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و ناکۆکییانەی لە نێوان هەردوولادا ماونەتەوە.

لەبارەی دیدگای کۆشکی سپی بۆ چارەسەری کۆتایی، کوشنەر روونی کردەوە کە بەپێی جەختکردنەوەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە: دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی باوەڕپێکراو بۆ ئۆکرانیا. داڕشتنی رێککەوتنی ئەمنیی ورد و کرداری بۆ قۆناخی دوای جەنگ، بە مەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی هەر شەڕێکی نوێ و مانەوەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئاسایشی ئەوروپا، لە رێگەی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی، کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پێش ئەوەی بگۆڕێن بۆ قەیران.

کۆشنەر دووپاتی کردەوە، ترەمپ تەنیا پشتگیری لەو رێککەوتنانە دەکات کە ئاسایشی ئۆکرانیا و ئەوروپا بەهێزتر دەکەن و ئەگەری شەڕی داهاتوو کەم دەکەنەوە.

سەبارەت بە لێدوانی توندی بەرپرسانی هەردوولا لە میدیاکاندا، کوشنەر ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی لە راگەیاندنەکاندا دەبینرێت تەنیا گوزارشتە لە داواکارییە بەرزەکان، بەڵام لە گفتوگۆ تایبەت و ژوورە داخراوەکاندا، هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکرانی زۆر باش تێدەگەن کە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە پێویستیان بە سازشی کرداری دەبێت.

جارید کوشنەر سەرنجی خستە سەر باجی قورسی مرۆیی جەنگەکە و رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزیی بابەتەکان، بە پێداگرییەوە لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و پابەندی پاراستنی نهێنیی دانوستانە هەستیارەکان دەبن، تا ئەو کاتەی دەگەنە رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە خوێناوییە و سەقامگیرکردنی ئاشتییەکی درێژخایەن.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، گەڕێکی  دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو؛ هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا، هاوکات دوای کۆبوونەوەکە دوێنێ شاندی نێوەندگیری ئەمەریکا بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵەکان چوونە مۆسکۆ و کێیڤ.