رووداوێکی هاتوچۆ لە ئیلام؛ نۆ کەس گیانیان لەدەست دا و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون

بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی نەفەرهەڵگری کارمەندانی کەرتی نەوت لە سنووری پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 15 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

بەهزاد نوورمحەممەدی، بەرپرسی فریاکەوتنی ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاند؛ رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە، کاتژمێر 07:25 لەسەر رێگەی نێوان دەشت عەباس – موورمووری لە سنووری شارۆچکەی ئاودانان رووی داوە و لە کۆتایی پرۆسەی پشکنین و فریاگوزاریدا دەرکەوتووە کە ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە نۆ گیانلەدەستدان و 15 بریندار.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە، بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی ئیلام، دێهلۆران، دزفوول و ئاودانان گوازراونەتەوە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوە، حەمزە محەممەدی موقەدەم، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ئیلام رایگەیاند؛ دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان، 12 تیمی ئۆپەراسیۆن بە بەشداریی 32 کارمەندی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. گوتیشی بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییان، شەش ئەمبوڵانس، سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تایبەت بە بڕین و رزگارکردن و سێ ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بەکار هێنراون.

بەپێی زانیارییەکان، پاسە وەرگەڕاوەکە تایبەت بووە بە گواستنەوەی کارمەندان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی (NGL) لە دێهلۆران، سەرجەم سەرنشینەکانیشی خەڵکی شارۆچکەی ئاودانان بوون و لە کاتی گەڕانەوەیاندا تووشی ئەم رووداوە دڵتەزێنە بوون.

هاوکات ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام فەرمانی بەپەلەی بە قایمقامەکانی دێهلۆران و ئاودانان داوە تاوەکوو تەواوی توانای دامەزراوە تەندروستی و فریاگوزارییەکانی پارێزگاکە بخەنە گەڕ بۆ بەهاناوەچوونی خێرای بریندارەکان و راپەڕاندنی رێکارەکانی تایبەت بە قوربانییانی رووداوەکە.