بەقایی: ئەمەریکا دەستپێشخەری جەنگی کردووە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکادا رایگەیاند؛ واشنتن هەوڵ دەدات بە گێڕانەوەی چیرۆکی چەواشەکارانە خۆی لە لێکەوتە وێرانکەرەکانی پەلاماردانی ئێران بدزێتەوە، جەختیشی کردەوە، ئەمەریکا خۆی هەڵگیرسێنەری جەنگ و دەستدرێژییە سەربازییەکانە دژ بە خاکی ئێران.
رۆژی شەممە 14 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی توندی لە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا گرت کە بانگەشەی ئەوەیان کردبوو ئەمەریکا دەستی بە جەنگ نەکردووە، بەڵکوو شۆڕشی 1979ی ئێران سەرەتای جەنگەکە بووە، بەقایی ئەم لێدوانانەی بە هەوڵێکی ئاشکرا ناوبرد بۆ شاردنەوەی شکستی سەربازی و سیاسیی واشنتن و دەربازبوون لە بەرپرسیارێتیی یاسایی.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگدا، دوو جار لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا پەلاماری سەربازیی کردووەتە سەر خاکی ئێران. گوتیشی: واشنتن دەستی لە تیرۆرکردنی رێبەری باڵا و بەرپرسانی باڵای ئێران، شەهیدکردن و بریندارکردنی ژنان و منداڵان و وێرانکردنی ژێرخانی وڵاتەکەماندا هەبووە، ئێستاش کە تووشی بنبەستی سەربازی و سیاسی بووە، دەیەوێت بە چیرۆکی سەرکەوتنی وەهمی، شکستەکانی خۆی پەردەپۆش بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد ئەگەر ئەمەریکییەکان دەیانەوێت باسی رەگی مێژوویی ناکۆکییەکان بکەن، پێویستە لاپەڕەکانی مێژوو بە دروستی هەڵدەنەوە، لەوانە:
- کودەتای دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (CIA) لە مانگی ئابی 1953 دژ بە حکوومەتی نیشتمانیی ئێران.
- پشتیوانیی سیاسی، هەواڵگری و سەربازیی واشنتن لە رژێمی سەدام حوسێن لە جەنگی هەشت ساڵەی دژ بە ئێران.
- بێدەنگی و هاوکاریی ئیدارەی ریگان لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای عێراقەوە.
- خستنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرە مەدەنییەکەی ئێران لە ساڵی 1988 بە 290 سەرنشینەوە لە ئاسمانی کەنداو لەلایەن کەشتیگەلی ئەمەریکاوە.
- سەپاندنی سزای سەختی ئابووری، کشانەوەی تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی.
ئیسماعیل بەقایی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە گۆڕینی چەمکەکان و گەڕانەوە بۆ رابردوو، ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتیی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە نایاساییە بدزێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەمەریکا هەم هەڵگیرسێنەری دوژمنکارییە مێژووییەکان بووە بەرامبەر گەلی ئێران، هەم دەستپێشخەری سەرەکیی پەلامارە سەربازییەکانی ئەمڕۆیە.