سەباح نوعمان: سزادانی قاچاخچییەکانی نەوت لە جورف سەخر دەبێتە پەند
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند؛ لێپرسینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەی دەستیان لە قاچاخچێتیی نەوتدا هەبووە لە ناوچەی جورف سەخر" (جورف نەسر) ، دەبێتە پەند و رێگرێک لە بەردەم هەموو ئەوانەی بە چاوی تەماحەوە دەڕواننە سامانی گشتی، جەختیشی کردەوە کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە تەواوی پشتیوانی لە رێکارەکانی حکوومەت دەکات.
رۆژی شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق روونی کردەوە، لە ماوەی رابردوودا چەندین راپۆرت گەیشتبوونە دەست فەرماندەیی گشتی سەبارەت بە بەهەدەردانی سامانی گشتی و دزینی نەوت لە رێگەی قاچاخچێتییەوە لە ناوچەی جورف سەخر" (جورف نەسر) ؛ کە ناوچەیەکی هەستیارە و هێڵی ستراتیجیی گواستنەوەی نەوتی خاوی بەسرە بەرەو پاڵاوگەی دەورە لە بەغدا و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای موسەیب بەوێدا تێدەپەڕێت.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، دەستبەجێ دوای گەیشتنی زانیارییە هەواڵگرییەکان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشی تەکنیکی و هەواڵگریی دا و داوای کرد بە خێرایی کارەکانیان تەواو بکەن. گوتیشی: لێژنەکە دەستبەجێ چووەتە نێو ناوچەکە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا راپۆرتەکەی ئامادە کرد، دەرەنجامەکانیش بە تەواوی هاوتای ئەو زانیارییانە بوون کە لە راپۆرتە هەواڵگرییەکاندا هاتبوون سەبارەت بە بوونی قاچاخچێتی و زێدەڕۆیی.
سەباح نوعمان باسی لەوەش کرد، فەرماندەی گشتی جەختی لە سزادانی توندی هەموو ئەو تۆمەتبارانە کردووەتەوە کە دەستیان لە دزینی نەوتدا هەبووە، هاوکات بڕیاری داوە بە پاداشتکردنی ئەندامانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بەرامبەر دڵسۆزی و کارە خێراکەیاندا.
لە هەمان کاتدا هۆشداری دراوەتە تەواوی فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگاکان کە لە ئەگەری سەلماندنی هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لە پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت، رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای توند دەبنەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپاتی کردەوە، سەرجەم تۆمەتباران رادەستی دادگا دەکرێن، دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ هەنگاوەکانی حکوومەتدا هەیە بۆ بنبڕکردنی دیاردەی بەقاچاخبردنی نەوت و سزادانی تاوانباران.
هەروەها هەر رۆژی شەممە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری دا بە رەوانەکردنی تەواوی تۆمەتبارانی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر) بۆ بەردەم دادگا، هاوکات لەسەر هەمان دۆسیە نۆ فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای بابلی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
رۆژی هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ژمارە (2/ 98) کە لە رێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووبوو، بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر).
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیدار لەلایەن "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی" لە 14 لاپەڕەدا ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کرابوو کە قاچاخچێتیی نەوت گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی رێکخراو و ئاڵۆزی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دەوڵەت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان ساغ بکرێنەوە.
هەروەها سەرنج خراوەتە سەر رێگەیەکی سەرەکی بە ناوی "رێڕەوی رۆژهەڵات" کە لە کێڵگەکانی کەرکووک و سلێمانییەوە دەست پێدەکات و پشکە فەرمییەکانی نەوت پێش گەیشتنیان، لەلایەن مافیا و تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەگوازرێنەوە.