سەرۆکی جەهەپە داوا دەکات تورکیا ببێتە گەرەنتیکاری کوردان لە ناوچەکەدا

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی  پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) (وێنە: AA)
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی  پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) (وێنە: AA)

سەرۆکی جەهەپە رایدەگەیەنێت، سەرەڕای هەندێک نیگەرانیی سەرەتایی لەبارەی رادەستکردنی تەواوەتیی چەکەکانی پەکەکە، ئێستا پڕۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەدەچێت.

 کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی  پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس لەبارەی پڕۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا هەندێک نیگەرانییان هەبووە لەوەی ئایا سەرجەم چەکەکان رادەست کراون یان بەشێکیان دەشاردرێنەوە.

کڵچدارئۆغڵو گوتیشی، لەم دواییانەدا لە کاتی قسەکردن لەگەڵ کەسێکدا ئەو نیگەرانییانەیان رەواندووەتەوە و پێیان راگەیاندووە، ئەم پرسە بە تەواوی چارەسەر دەبێت. هەروەها رایگەیاند، ئەگەر رووداوێکی نائاسایی روونەدات، پێی وایە سیستەمەکە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەدەچن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردانی ناوچەکەدا، سەرۆکی جەهەپە روونیشی کردەوە، چیتر هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کورددا نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پێی وایە لە کاتی هەر فشارێکدا لە ناوچەکەدا، پێویستە تورکیا ببێتە گەرەنتیکاری کوردان. ئەوەشی خستەروو، دەبێت کوردیش هەست بەوە بکەن و بڵێن، "گەرەنتیکاری ئێمە دەوڵەتی کۆماری تورکیایە".

کڵچدارئۆغڵو داوای کرد لە رێگەی هێزی کولتووری و هاوکاریی ئابوورییەوە مامەڵە لەگەڵ ناوچەکەدا بکرێت و خاوەنکاران هان بدرێن بۆ دامەزراندنی کارگە، جەختیشی کردەوە پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت خەڵکی هەردوولا پێکەوە کار بکەن، قوتابخانەی هونەری بکرێنەوە و هونەر و کولتوور پەرە پێ بدرێن بۆ ئەوەی ناوچەکە بەهێز ببێت.

لێدوانەکانی کڵچدارئۆغڵو دوای ئەوە دێن لە 10ی تشرینی دووەمی 2026ـدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە پەرلەمان سەردانی سەرۆکی جەهەپەی کرد بۆ راوێژکردن لەسەر پێکهێنانی کۆمیسیۆنی چاودێریی پەرلەمان لە چوارچێوەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا.

پێشتریش پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابی 2026 بە دەنگی 467 پەرلەمانتار و لەسەر بنەمای راپۆرتێکی پەسەندکراو بە دەنگی 47 لە کۆی 50 ئەندامی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی، یاسای بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی پەسەند کردبوو، مەرجی سەرەکیی جێبەجێکردنیشی چەکدانانی تەواوەتی و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دواخستنی سزا یاساییەکانە بۆ ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵ.

لە ئابی 2026ـدا کڵچدارئۆغڵو نەخشەڕێگایەکی چوار رەهەندیی بۆ چارەسەری پرۆسەکە خستبووەروو، تێیدا جەختی لە چەکدانانی راستەقینە و چاودێریکراو، چاکسازیی یاسایی، رێکخستنی ئاسایشی ناوچەیی پەیوەست بە عێراق و سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا کردبووەوە، لە 6ی تشرینی دووەمی 2026ـیشدا هیوای سەرکەوتنی بۆ پرۆسەکە خواستبوو تا ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.