بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیران قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد

بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیران قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد
بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیران قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد

بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە گوندی گەزنە (رێگەی سەرەکیی هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر رێگەی (هەولێر - خەبات) دەستیپێکرد.

ئەم قۆناخە لەسەر رووبەری 11 هەزار دۆنم زەوی و لە چوار بەشدا جێبەجێ دەکرێت، کە لە بەشی یەکەمدا 500 هەزار داری زەیتوون دەچێنرێت و بڕیارە لە تەواوی قۆناخەکەدا نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار دار بچێنرێت. هەروەها سێ پەندی ئاودێری و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لەم قۆناخەدا دروست دەکرێن.

کارە ئامادەکارییەکانی ئەم قۆناخە لە 11ی تەممووزی ئەمساڵەوە دەستیان پێکردووە و بریتی بوون لە پاککردنەوە و ئامادەکردنی زەوی، دانانی سیستەمی ئاودێری و دروستکردنی پەرژین. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دڵنیایی داوەتەوە کە مافی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان دەپارێزرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە.

قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە 30ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکرد و لەسەر ڕووبەری 15 هەزار و 200 دۆنم جێبەجێ کرا؛ لەو قۆناخەدا نزیکەی 700 هەزار داری زەیتوون و 7 هەزار داری پرتەقاڵ چێندران.

پشتێنەی سەوزایی هەولێر بە درێژیی 83 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر بە دەوری شارەکەدا دروست دەکرێت و لە هەشت زۆن پێکدێت. پلانی گشتیی پڕۆژەکە چاندنی نزیکەی حەوت ملیۆن دارە، بە ئامانجی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، کەمکردنەوەی خۆڵبارین، پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.