دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ بە بەشداریی نزیکەی 100 دەزگای چاپ کرایەوە

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و نووسەران، دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرایەوە و سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش رایدەگەیەنێت کە زیاتر لە 15 وڵاتی بیانی و دەزگاکانی ناوخۆ تێیدا بەشدارن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، نووسەران و رۆشنبیران، چالاکییەکانی دووەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی پێ کرد و بڕیارە بۆ ماوەی 6 رۆژ بەردەوام بێت.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە میانی کردنەوەی پێشانگاکەدا رایگەیاند: "خۆشحاڵین کە بۆ جاری دووەم پێشانگای کتێب لە زاخۆ دەکرێتەوە؛ زۆر دڵخۆشین کە توانیمان لە ساڵی یەکەمدا سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنین و بۆ ئەمساڵیش بەشداربووی بیانی زیاترمان هەیە، جگە لە بەشداربووانی ناوخۆی کوردستان و عێراق کە بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەن."

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە وەکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گرنگییەکی باشمان بە لایەنی مەعریفی، زانستی و ئەدەبی داوە. زاخۆ لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ بووە و بەگوێرەی ئەو پلانە دەڕواتە رێوە کە بۆی دانراوە، چونکە خەڵکی ئەو دەڤەرە هەر لە کۆنەوە ئەدیب، شاعیر و رۆشنبیری لێ هەڵکەوتووە."

گوهدار شێخۆ روونی کردەوە کە نزیکەی 15 وڵات لە دەرەوەی کوردستان و 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆی کوردستان لەم پێشانگایەدا بەشدارن و گوتی: "پێشانگاکە ماوەی 6 رۆژ بەردەوام دەبێت و کتێبی هەموو بوارەکانی تێدا هەن، بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم سەردانی بکەن و ئەو کتێبانە بەدەست بهێنن کە پێیان خۆشە."

ئەم پێشانگایە وەک یەکێک لە گەورەترین رووداوە فیکری و کولتوورییەکانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت؛ دوای سەرکەوتنی بەرچاوی خولی یەکەم، ئەمساڵ بە قەبارەیەکی فراوانتر، ئامادەکارییەکی تۆکمەتر و بەشدارییەکی فرەوانتری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشوازی لە خوێنەران و کتێبدۆستان دەکات.

بەگوێرەی ئامارەکانی پێشانگاکە، لە خولی ئەمساڵدا بە گشتی نزیکەی 100 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و چەندین وڵاتی عەرەبی و بیانی بەشدارن، کە تێیدا زیاتر لە 500 هەزار ناونیشانی جۆراوجۆر بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە لە بوارەکانی ئەدەب، مێژوو، سیاسەت، فەلسەفە، زانست و منداڵاندا نمایش دەکرێن، لەگەڵ پێشکەشکردنی داشکاندنی تایبەت بۆ خوێنەران و قوتابییان.