ئوردن سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کەنیسەی کەرەکدا سەپاند

دادگای ئاسایشی ئوردن سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ تاوانباردا سەپاند، کە مانگی رابردوو هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر کەنیسەیەک لە شاری کەرەک و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و 25ـی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئوردن بڕیاری لەسێدارەدانی بە هەڵواسین بۆ سێ کەس دەرکرد کە بە ئەنجامدانی هێرشە خوێناوییەکەی سەر کەنیسەیەک لە شاری کەرەک لە باشووری ئوردن تاوانبار کرابوون.

سوپای ئوردن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای ئاسایشی دەوڵەت بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەو سێ تاوانبارە دەرکردووە کە رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی رابردوو کردەوە تیرۆریستییەکەیان لە شارۆچکەی حەموود لە کەرەک ئەنجام دابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا هەرسێ تۆمەتبارەکەی بە تۆمەتەکانی "ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی کە بووەتە هۆی کوشتنی مرۆڤ بە هاوبەشی و نۆ جار دووبارە بووەتەوە، ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی بە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی، هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی بە مەبەستی کاری تیرۆریستی، پیلانگێڕی و بانگەشەکردن بۆ بیرۆکەی گرووپێکی تیرۆریستی" سزا داوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە بەگوێرەی یاسا، ئەم بڕیارە شیاوی تانەلێدانە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەدا. پێشتریش شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، بەڵێنی دابوو کە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە رووبەڕووی "توندترین سزا" ببنەوە.

رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، ئەو سێ تۆمەتبارە هێرشیان کردە سەر رێوڕەسمی بەخاکسپاردنێک لە گوندی حەموود لە پارێزگای کەرەک (118 کیلۆمەتر باشووری عەممان) و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە دەرەوە و ناوەوەی کەنیسەکە کرد کە نزیکەی 200 کەسی تێدا کۆببوونەوە؛ لە ئەنجامدا نۆ کەس کوژران و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هێرشبەرەکان دوای هەڵاتنیان لە شوێنی رووداوەکە خۆیان حەشار دابوو، تاوەکو دوای سێ رۆژ دەسەڵاتداران دەستگیرکردنیانی راگەیاند و ئاشکرایان کرد کە دوو برا و زاوایەکیانن، هەڵگری رەگەزنامەی ئوردنین و هەڵگری "بیری تەکفیرین".

کریستیانەکان نزیکەی 3%ـی دانیشتووانی ئوردن پێکدەهێنن کە ژمارەیان نزیکەی 11 ملیۆن کەسە، و بە گشتی بە ئاشتیانە لەنێو زۆرینەیەکی سوننەدا رێوڕەسمە ئاینییەکانیان ئەنجام دەدەن. پارێزگای کەرەکیش کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 375 هەزار کەسە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کریستیانەکانی هۆزەکانی وەک هەلەسا و حیجازین لەخۆدەگرێت.

پێشتریش لە ساڵی 2016ـدا پارێزگای کەرەک زنجیرەیەک هێرشی بەخۆیەوە بینی کە زۆربەیان درابوونە پاڵ رێکخراوی داعش؛ توندترینیان لە مانگی کانوونی یەکەمدا بوو کە بنکەیەکی ئەمنی و دەورییەکانی پۆلیسی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 10 کەس (7 کارمەندی ئەمنی و گەشتیارێک)، دواتریش 4 چەکدار کە لە قەڵای کەرەک خۆیان حەشار دابوو لە رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژران.