سزای زیندانیی 10 ساڵ و پێبژاردنی 37 ملیار دینار بۆ بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای عێراق دەردەکرێت

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، لە دوو برێاریی جیای دادگادا سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی بەدەستهێنانی دەستکەوتی نایاسایی، هەروەها بڕیارەکە ناچارکردنی تۆمەتبارەکەشی لەخۆگرتووە بۆ گەڕاندنەوەی بڕی 36 ملیار و 810 ملیۆن دینار، کە کۆی گشتیی بەهای دەستکەوتە نایاساییەکە و سزای هاوتاکەیەتی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ خالید غەزای عەتیە موتلەگ مەعازیدی، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن دەرکرد. بڕیارەکە بەپێی ماددەی 19/دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ـی ساڵی 2011ـی هەموارکراو دراوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، دادگا ناچاری کردووە بڕی 8 ملیار و 242 ملیۆن و 678 هەزار دیناری عێراقی و 6 ملیۆن و 686 هەزار و 292 دۆلاری ئەمریکی بگەڕێنێتەوە، کە بەهای دەستکەوتە نایاساییەکەیەتی، هاوکات بەپێی ماددەی 19/چوارەم سزای دارایی هاوتای ئەو بڕە پارەیەی بەسەردا سەپێنراوە و کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بڕیاری گەڕاندنەوەی دراوە 36 ملیار و 810 ملیۆن دینارە.

لە بڕیارێکی دیکەدا، دادگا سزای 3 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر مەعازیدیدا سەپاندووە بەهۆی تاوانی شاردنەوە و بڕیاریداوە سزای توندتر جێبەجێ بکرێت، هەروەها بڕیاردراوە دەستبەسەرداگرتنی گشت موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی بەردەوام بێت و مافی قەرەبووکردنەوەش بۆ دەستەی دەستپاکی دەستەبەر کراوە، دوای ئەوەی بڕیاری دادگا پلەی کۆتایی وەردەگرێت.