دەم پارتی داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی سەید رەزا دەکات
لە 89ـیەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید رەزا و هاوڕێکانیدا، دەم پارتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکانیان، رووبەڕووبوونەوەی راستی و داوای لێبووردنی فەرمیی کرد.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە 89ـیەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید رەزا و هاوڕێکانیدا پەیامێکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوکردەوە.
ناوەندی گشتیی دەم پارتی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، لە 89ـیەمین ساڵیادی لەسێدارەدانیاندا بە رێز و پێزانینەوە یادی سەید رەزا و هاوڕێکانی دەکەنەوە، ئەوانیشی بە "هێمای بەرخۆدانێکی گەورە" ناوبرد.
دەم پارتی باسی لەوە کرد، سەید رەزا لە بەرانبەر ستەم و نادادپەروەریدا سەری نەوی نەکردووە و چۆکی دانەداوە، جەختیشی لەوە کردەوە، رێبازی ئەوان رێبازی دەم پارتییە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا دەم پارتی دووپاتی کردەوە، پێویستە شوێنی گۆڕی سەید رەزا و "مردووە بێ گۆڕەکان" ئاشکرا بکرێن. هەروەها رایگەیاند، تاوەکو شوێنی گۆڕەکان ئاشکرا نەکرێن، رووبەڕووی راستی نەبنەوە و داوای لێبووردن نەکرێت، بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و بەرخۆدان.
هاوکات چەند رۆژێک لەمەوبەر، ئایتەن کوردۆ پەرلەمانتاری دەم پارتی پێشنیازەیاسایەکی 10 خاڵیی پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ کردنەوەی ئەرشیفەکانی دەوڵەت، گەڕاندنەوەی ناوی دێرسم و ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکان، لە کاتێکدا داواکارییەکی یاساییش بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای ساڵی 1937 پێشکەش کراوە.
سەید رەزا سەرکردەی دیاری ئایینی و خێڵەکیی کوردە عەلەوییەکانی ناوچەی دێرسم بوو لە باکووری کوردستان. دوای دەرکردنی یاسای تونجەلی لە ساڵی 1935 و دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر دێرسم لە ساڵانی 1937 بۆ 1938، سەید رەزا و هاوڕێکانی دەستگیر کران و لە 15ـی تشرینی دووەمی 1937 لە گۆڕەپانی گەنمی شاری خارپێت (ئەلازیغ) لەسێدارە دران.
بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان لە کاتی دادگاییکردنەکەدا تەمەنی سەید رەزا بچووک کراوەتەوە و تەمەنی رەسیک حوسێنی کوڕیشی گەورە کراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت. لە رووداوەکانی دێرسمدا بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 13 هەزار کەس و بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان زیاتر لە 50 هەزار کەس کوژران و دەیان هەزار کەسی دیکەش راگوێزران.