کەرکووکی: بڕیاری دادگای فیدراڵی چاوەڕوانکراو بوو، نەدەبوو سکاڵاکە تۆمار بکرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی، سەرجەم هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستانی رەتدەکاتەوە و داوا لە پەرلەمانتارانی حزبەکانی دیکە بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان. دەشڵێت، "دەمانزانی" دادگای فیدراڵی داواکاریی راگرتنی کارەکانی پەرلەمان رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵوێستی پارتی روون و ئاشکرایە و بەردەوام سەرۆک بارزانی و پارتەکەش داوایان لە هەموو لایەک کردووە، پەرلەمانتاران بچنە پەرلەمان و کارەکانی خۆیان بە دروستی بکەن، تاوەکو خزمەتی هەرێم و گەلی کوردستان بکەن و ئەو سوێندەی خواردوویانە جێبەجێی بکەن.
سەبارەت بە ئەگەری دابەشبوونی هەرێمی کوردستان، کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور یەک هەرێمە و هیچ هەوڵێک لەو پێناوەدا سەرناگرێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا باسی لەوە کرد، ئەرک و مافی یەکێتییە هاوشێوەی پارتی و هەموو لایەنەکانی دیکە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن. گوتیشی، پێیان باشە هەموو لایەنەکان پێکەوە لە پەرلەمانی کوردستان دابنیشن و کەس داوایان لێ ناکات وەک ئەوان قسە بکەن، بەڵکوو مافی خۆیانە لەوێ رای خۆیان بە رێکوپێکی دەرببڕن.
دەربارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ رەتکردنەوەی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و راگرتنی کارەکانی پەرلەمان، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەی خستەروو، ئەو بڕیارە بۆ ئەوان زانراو بوو، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ماددەی دەستوورییەوە هەیە. روونیشی کردەوە، لە سەرانسەری جیهاندا دوای هەڵبژاردن هەر لایەنێک زۆرینەی دەنگی ناو پەرلەمان بەدەست بهێنێت، دەتوانێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان دابنێت، لیژنەکان پێکبهێنێت، چاودێریی حکوومەت بکات، متمانە بە حکوومەت بدات و یاسا دەربکات یان هەمواری بکاتەوە.
هەروەها کەمال کەرکووکی جەختی لەوە کردەوە، ئەو دۆخە بۆ ئەوان روون و ئاشکرا بوو و بەداخەوە ئەو لایەنانەی سکاڵایان تۆمار کرد نەدەبوو ئەو کارە بکەن.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە پرسی دوو کارگێڕی (دوو ئیدارەیی)، کەمال کەرکووکی گوتی، خەڵکی کوردستان و یاسا و دەستوور ئەوە پەسند ناکەن، هیواشی خواست هەموو لایەنەکان بێنەوە سەر رێگەی راست و پێکەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان و گەلەکەیان بکەن، چونکە هێشتا ئەرکی زۆریان لە پێشە و نابێت هیچ لایەن و کەسێک ببێتە هۆکاری لێکترازانەکان.
لێدوانەکەی کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە زۆرینەی دەنگ هەردوو داواکارییە بەپەلەکەی (263 و 264) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی رەتکردەوە بۆ راگرتنی دەرئەنجام و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی پەرلەمانی کوردستان.
لە دانیشتنەکەی 4ـی تشرینی دووەمدا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەم، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەمیشەیی بە سەرۆکایەتیی ڤاڵا فەرید و جێگرەکەی رامی نووری و سکرتێری پەرلەمان مونا قەهوەچی هەڵبژارد، ئەمەش ناڕەزایەتیی یەکێتی و نەوەی نوێی لێکەوتەوە.