فەرەنسا پاڵپشتیی لە یەک هەرێمی کوردستانی یەکگرتوو دەکات
ئەمرۆ یەکشەممە، 15ـی 11ـی 2026، هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ئێمانوێل مینیو، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرا. لەم دیدارەدا، سەرنجی سەرەکی خرایە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دۆخی پەرلەمانی کوردستان و جەخت کرایەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، بەپێی هەموو رێکارە یاسایی و پەیرەوییەکان ئەنجام دراوە و ئەم هەنگاوە یاساییە بە پێویست زانرا بۆ رێکخستنەوەی کارەکان. هەروەها هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان خرایە ڕوو بەوەی کە بە تەواوی پابەندن بە پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان پارتی و یەکێتیی.
لای خۆیەوە، کونسولی گشتیی فەرەنسا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و رایگەیاند، فەرەنسا کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە کارێکی یاسایی دەزانێت. هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان پارتی، یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرەکان نیشان دا.
کونسولی فەرەنسا جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسادایە و وڵاتەکەی بەردەوام پشتیوانیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکات لە چوارچێوەی عێراقدا. هەروەها بیروڕا لە بارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.