بەقایی: دەبێت وڵاتانی کەنداو قەرەبووی هێرشەکانی ئەمریکا بکەنەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی فراواندا لە تاران، زنجیرەیەک پەیام و هۆشداریی توندی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد؛ لەوانە پرسی بەکارهێنانی بنکەکانی کەنداو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، شەریکبوونی ئەڵمانیا لە تاوانەکانی جەنگدا، و دۆخی گەرووی هورمز.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی داواکاریی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بۆ قەرەبووکردنەوەی لێکەوتەکانی جەنگ لەلایەن تارانەوە، هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانە کە برینە کۆنەکان نەکولێننەوە و یارمەتییە سەدان ملیار دۆلاری و سەربازییەکانیان بۆ رژێمی پێشووی عێراق لە جەنگی هەشت ساڵەدا بیرخستنەوە.
بەقایی جەختی کردەوە، ئەو دەوڵەتانەی کە ژینگە، ئاو، خاک و بنکە سەربازییەکانیان خستووەتە خزمەت هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر خاکی ئێران، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیاری 3314ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هاوبەشی دەستدرێژیکار دادەنرێن و تاران بەڵگەی تەواوی لەسەر کۆکردوونەتەوە و دەبێت ئەوان قەرەبووی زیانەکانی ئێران بکەنەوە. روونیشی کردەوە هێرشەکانی ئێران بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا بۆ سەر بنکە و داراییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بووە لەو وڵاتانەدا و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر سەروەریی خاکی دراوسێکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی هێرشی توندی کردە سەر دەوڵەتی ئەڵمانیا و رایگەیاند، بەرلین دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دووەم گەورەترین دابینکەری چەکە بۆ ئیسرائیل، بۆیە بەپێی بنەما یاسایی و ئەخلاقییەکان، ئەڵمانیا لە سەرجەم ئەو تاوانانە بەرپرسیارە کە لە رێگەی ئەو چەکانەوە لە دژی گەلی ئێران و ژێرخانی وڵاتەکەی، لەوانە لە ناوچەکانی میناب و لامێرد ئەنجام دراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، تاران بە جددی بەدواداچوونی یاسایی و سیاسی بۆ رۆڵی بنکەی سەربازیی رامشتاین لە ئەڵمانیا دەکات کە لە رێگەیەوە پشتیوانی لە هێرشە درۆنییەکانی ئەمەریکا و بەتایبەت تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی کراوە، و ئەم هاوکارییە سەربازییانەی ئێستای بەرلینیشی بە یارمەتییە کیمیایی و سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ رژێمی بەعس لە دەیەی هەشتادا چواند.
سەبارەت بە راپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەقایی ئاژانسەکەی بە لایەنگری و کەوتنە ژێر هەژموونی واشنتن و ئەوروپا تۆمەتبار کرد. ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئاژانس بۆ یەکەمجار ناچار بووە دان بەوەدا بنێت کە هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان دۆخێکی بێوێنەی خوڵقاندووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی چاودێری، بەڵام نەبوونی بوێری لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە وای کردووە کە هاوکارییەکان ئاسایی نەبنەوە.
سەبارەت بە کشانەوەش لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، گوتی: ئەمە بڕیاری دامەزراوە باڵاکانە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی بنەڕەتیی ئێرانە و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری نابن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕیاری 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، بەقایی رایگەیاند، ئەم بڕیارە هیچ شەرعییەتێکی یاسایی، سیاسی و ئەخلاقیی نییە و پێچەوانەی ماددەی 24ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، چونکە هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکای فەرامۆش کردووە.
روونی کردەوە کە ئێران ئەندام نییە لە پەیماننامەی 1982ی یاسای دەریاکان و ئەو پەیماننامەیەش تایبەتە بە سەردەمی ئاشتی نەک دۆخی جەنگ؛ بۆیە ئێران وەک دەوڵەتێکی کەناراوی بەپێی یاسای نەریتیی نێودەوڵەتی مافی خۆیەتی ئاسایشی سنوورەکانی بپارێزێت. هاوکات ئامادەیی ئێرانی پێشان دا بۆ رێگەپێدان بە تێپەڕبوونی باری پەینی کیمیایی لە چوارچێوەی هاوکارییە مرۆییەکاندا، بەڵام داوای کرد نەتەوە یەکگرتووەکان لۆمەی گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمەریکا بکات نەک تاران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەکانی پاریسی لەبارەی دەستتێوەردانی تاران لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی سەر ساردکەرەوەی فرۆشگەکانی فەرەنسا بە "بێبنەما و بێشەرمانە" ناوبرد و گوتی، ئەمە فێڵێکی ئیسرائیلە بۆ راکێشانی ئەوروپا بۆ نێو جەنگەکە و پێویستە فەرەنسا کەموکوڕیی سیستەمی سایبەریی خۆی چاک بکات.
سەبارەت بە لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی ئەمەریکاش، بەقایی ئاماژەی بە پەککەوتنی سیستەمی فڕۆکەوانیی ئەمەریکا کرد و گوتی: باشتر وابوو دەسەڵاتدارانی واشنتن لە بری خەرجکردنی ملیاران دۆلار بۆ مووشەک و وێرانکردنی ناوچەکە لە پێناو ئیسرائیلدا، ژێرخانی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی خۆیان نوێ بکردایەتەوە. هەروەها لەبارەی ئاڵوگۆڕی بەرپرسانی دانوستانکاری ئەمەریکا، جەختی کردەوە کە بۆ تاران رەفتار و کردەوەی حکوومەتی ئەمەریکا گرنگە نەک گۆڕینی کەسەکان و کێشمەکێشی ناوخۆیی حزبی لە واشنتندا.