عەباس عێراقچی: ئەوانەی مێژوو لەبیر دەکەن، چارەنووسیان دووبارەکردنەوەی مێژووە
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوانەی مێژوو لەبیر دەکەن، چارەنووسیان دووبارەکردنەوەی مێژووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پلاتفۆڕمی ئێکس لە وەڵامی ئەو گوتەیەی هێگسێتدا کە نووسیبووی "باسی یاسا بۆ ئەوانە مەکەن کە شمشێریان بەدەستەوەیە"، روونیکردەوە، ئەو وتەیە سەرکردەیەکی رۆمانی گوتوویەتی کە لە کۆتاییدا تووشی شکست بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، هەڵمەتی سەربازیی ئەو سەرکردە رۆمانییە سەرەڕای زۆریی ژمارەی سەربازەکانی، بە شکستێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هات، گوتیشی: "دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگ هەڵهات، سەری پەڕێنرا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عێراقچی رووی لە وەزیری جەنگی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەوانەی ناتوانن مێژوو بیر بهێننەوە، چارەنووسیان دووبارەکردنەوەی مێژووە".
وەلامەکەی عەباس عێراقچی دوای ئەوە هات، پێت هێگسێت لە پلاتفۆرمی ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای لە بەردەم کۆمەڵەی فیدراڵی لە واشنتن بڵاوکردەوە و لەگەڵیدا نووسیبووی: "باسی یاسا بۆ ئەو پیاوانە مەکەن کە شمشێریان بەدەستەوەیە".
مارکۆ روبیۆ ئەو دەستەواژەیەی وەک ئاگادارکردنەوەیەکی توند بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەکارهێنا و رایگەیاند، واشنتن رێگە نادات دادگاکە بڕیارەکانی بەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکیدا بسەپێنێت.