حەیدەر عەبوودی: کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە دۆسیەی جورف سەخر تێوەگلاون
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، تێوەگلانی گرووپی چەکداری "کەتیبەکانی حزبوڵڵا"ی لە پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل راگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕاندنەوەی ئەو ناوچەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکان نزیک بووەتەوە.
بەگوێرەی لێدوانێکی عەبوودی بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومی دەرەنجامەکانی خۆی لەگەڵ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان بەراورد کردووە و هاوتابوونیان پشتڕاست کراوەتەوە.
گوتەبێژی حکوومەت روونی کردەوە: "لیژنە حکوومییەکە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتە هەواڵگرییەکەدا هاتوون، چوونەتە ناو 6 پێگە لە جورف سەخر و دەستکاریکردن و ئاماژەکانی بەقاچاخبردنیان تۆمار کردووە، پێش ئەوەی دەرەنجامەکان بەرز بکەنەوە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق".
ئاماژەی بەوەش داوە، لە کاتی گەڕان و پشکنیندا، لیژنەکە رووبەڕووی ئیستفزازکردن بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلە ساز بکات و تێیدا بڕیاری دوورخستنەوەی ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی لە پارێزگای بابل بدات، هەروەها بەرپرسیارێتیی تەواویان بخاتە ئەستۆ و دۆسیەی بەقاچاخبردنەکەش رەوانەی دادگا بکات.
سەبارەت بە لایەنی بەرپرسیار، حەیدەر عەبوودی راشکاوانە گوتی: "ئەو لایەنەی لە بەقاچاخبردنەکەوە تێوەگلاوە هەمان ئەو هێزەیە کە زەوییەکەی بەدەستەوەیە، ئەویش کەتیبەکانی حزبوڵڵایە".
ئەوەشی خستە روو، ئەو ناوچەیەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپەدایە، سێ لقی بۆریی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتی (بەسرە - حەدیسە)ی پێدا تێدەپەڕێت، کە دوو لقیان دەگەنە (بەغدا - دۆرە) و لقەکەی دیکەشیان دەگاتە قەزای موسەییەب.
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت توانای تەواوکردنی ئەم دۆسیەیەی هەیە و گەڕانەوەی جورف سەخر بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان دوور نییە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە حکوومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی تایبەت بە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە بە یەکێک لە دیارترین دۆسیە کەڵەکەبووەکانی حکوومەتەکانی پێشووی ناو برد.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی بوونی پاڵاوگەی نەوتی نایاسایی و حاڵەتەکانی دەستکاریکردن لە جورف سەخر، فەرمانی دا بە نردنی تۆمەتباران بۆ دادگا و لەسەرکارلادانی 9 بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی لە پۆستەکانیان.
لای خۆشیەوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە عێراق تێوەگلانی خۆیان لە هەر جۆرە پرۆسەیەکی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخری سەر بە پارێزگای بابل رەت کردەوە و جەختیان کردەوە کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان دەکرێن دوورن لە راستییەوە، هاوکات نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بە هەڵبەستنی ئەم دۆسیەیە تۆمەتبار کرد بە مەبەستی دروستکردنی فشاری سیاسی و ئەمنی بۆ ناچارکردنیان بە دەستبەرداربوون لە چەکەکانیان؛ هەروەها لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا روونیان کردەوە کە ئەوەی روودەدات پرۆسەیەکی بەئامانجگرتن و گوشارخستنەسەری بەرنامەبۆداڕێژراوە بۆ سەر ئەوەی بە "چەکی کەرامەت" ناویان بردووە و پێیان وایە حکوومەت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فشارە دەرەکییەکان پەنا بۆ شێوازی زۆرەملێ دەبات.