رۆشنبیرانی سلێمانی: هەوڵی جیاکردنەوەی هەرێم خزمەت بە دوژمنان دەکات

ژمارەیەک لە رۆشنبیر و کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی، بە توندی هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی شارەکە لە هەرێمی کوردستان رەتدەکەنەوە و رایدەگەیەنن، ئەو هەنگاوە پێچەوانەی دەستوور، خوێنی شەهیدان و بەرژەوەندی گەلی کوردە و تەنها خزمەت بە ئەجێندای داگیرکەران و دوژمنان دەکات.

سەبارەت بە پرسی کۆکردنەوەی واژۆ و هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان، مامۆستا فەریق رەشید، رۆشنبیر و کەسایەتیی شاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن، بەرخودان، کیمیاباران و ئەنفالی گەلی کوردە و دەستووری عێراقیش وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دانی پێدا ناوە کە خاوەنی یاسا و رێسای خۆیەتی، بۆیە هەوڵەکانی لەتکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی سلێمانی سەرناگرن.

مامۆستا فەریق جەختی لەوەش کردەوە کە جیاکردنەوەی سلێمانی لە بەرژەوەندیی میللەت، شارەکە، خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی پێشمەرگەدا نییە، بەڵکوو دەکرێت سەرجەم کێشەکان بە دانیشتن و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن. ناوبراو روو لەو کەسانەی دەچنە بنکەکانی واژۆکۆکردنەوە گوتی: «بیر لەوە بکەنەوە ئەم کارە جوان نییە؛ بەمە ناڵێن کوردایەتی، بەڵکوو پێی دەڵێن دوژمنایەتی.»

لای خۆیەوە، ئەحمەد عارف، رۆشنبیر و کەسایەتی، داوای کرد نەک تەنها هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و کۆتایی بە جیاکاریی ناوچەیی بهێنرێت، لەمبارەیەوە گوتی: «ئێمە کوردین و خاکەکەشمان کوردستانە، ئەم دابەشکردن و وێرانییە هەمووی لە زیانی کوردە و دوژمنەکانمان پێی خۆشحاڵن و ئامادەن هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی نەک ببینە دوو هەرێم، بەڵکوو ببینە چوار هەرێمیش.»

ئاماژەی بەوەش دا کە کوردستان پێویستی بە دەوڵەتێکی جوانە نەک دابەشبوون، گوتیشی: «لەبەر ئەوەی ناتەباین و نەمانتوانیوە یەکبگرین و خاوەنی یەک بیرکردنەوە بین، ئێستا بەم شێوەیە دەڕۆین بەڕێوە.»

هاوکات، حەمە کەریم عارف، رۆشنبیر و کەسایەتی، هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی تەنانەت شارۆچکەیەکی بچووکیشی لە کوردستان بە کارێکی ناڕەوا و نادروست ناوبرد و رایگەیاند، «چ جای شارێکی وەک سلێمانی کە مێژووی هەموو کورد و سەرجەم پارچەکانی کوردستانە و تەنانەت پێش دروستبوونیشی، ناوچەکە هەر ئاوەدان بووە.»

حەمە کەریم عارف هۆشداریشی دا لەوەی هەر هەوڵێک بۆ پارچەپارچەکردنی بچووکترین بەشی کوردستان هاوشێوەی کاری داگیرکەرانە و گوتی: ئێستا ئێمە دەڵێین کوردستان چوار پارچەیە، کەچی ئەو خەڵکەی لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان بە دەستی خۆیان کوردستان دەکەن بە پێنج پارچە؛ ئەمە هەرگیز کارێکی رەوا و دروست نییە و لە خیانەت نزیک دەبێتەوە.