شەقامی نەجەفیی مووسڵ لە ناوەندی زانین و زانستەوە بۆ وێرانەیەکی پشتگوێخراو

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری مووسڵ و گەڕانەوەی ژیان بۆ زۆربەی بازاڕەکانی، بەڵام شەقامی مێژوویی "نەجەفی" کە لە سەردەمێکدا ناوەندی زانین و زانست بوو، هێشتا دیمەنەکانی شەڕ و وێرانکاریی تێدا کۆتایی نەهاتووە و دانیشتووانەکەشی دەڵێن تا ئێستا پشتگوێ خراوە.

شەقام و بازاڕی نەجەفی لە مووسڵ کە لە زیاتر لە 200 کتێبخانە، چاپخانە و فرۆشگەی پێداویستییەکانی زانست و خوێندن پێکهاتبوو، لە سەردەمێکدا سەرچاوەی زانین و زانست بوو بۆ هەموو پارێزگاکە، بەڵام لە شەڕی دژی داعشدا لە ساڵانی 2014 تا 2016 و 2017 بە تەواوی وێران بوو.

لە نێو کۆڵانەکانی ئەم شەقامەدا ئێستا تەنها وێنە کۆنەکان ماونەتەوە کە وەک یادەوەری و بەڵگە، گەواهیی ئەوە دەدەن کە لە سەردەمێکدا چەندە شەقامێکی گرنگ بووە بۆ مووسڵ.

حاجی موزەفەر یونس، کەسایەتیی شەقامی نەجەفی کە تەواوی ژیانی خۆی لەو شەقامەدا بەسەر بردووە و سەرەڕای نەگەڕانەوەی ژیان بۆی هێشتا سەبووری و ئارامیی خۆی لێ دەبینێتەوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند “شەقامێکی زانستی بوو، شاعیران و رۆشنبیران لە هەموو عێراقەوە روویان لەم شوێنە دەکرد؛ چەندین کتێبخانە و چاپخانەی باشی لێ بوو، سەرەڕای دەیان فرۆشگەی پێداویستییەکانی خوێندن و کتێب.”

لای خۆیەوە، عارف رەحاوی، فرۆشیار، لەبارەی جموجۆڵی رابردووی بازاڕەکەوە گوتی “ئەم شەقامە بەردەوام تا کاتژمێر 12:00ـی شەو قەرەباڵغ بوو، چونکە شەقامێکی گرنگی مێژوویی و شوێنی زانست بوو.”

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەگەرچی زۆربەی بازاڕەکانی دیکەی مووسڵ دوای ئازادکردنی شارەکە ژیانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام دیمەنەکانی وێرانی لە شەقامی نەجەفی هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکەکەش، ئەم بازاڕە مێژووییە تا ئێستا پشتگوێ خراوە.