پێنج وڵاتی ئەوروپی ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان لە رواندا دەکەنەوە

پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا کە بریتین لە ئەڵمانیا، دانیمارک، نەمسا، هۆڵەندا و یۆنان، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڤیێنای پایتەختی نەمسا و بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی رواندا، پلانێکیان بۆ دامەزراندنی یەکەمین ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە وڵاتی رواندا راگەیاند، ئەمەش سەرەڕای رەخنەی هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا و ناڕەزایەتیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

بە گوێرەی زانیاریی بەرپرسانی بەشدار لە پڕۆژەکەدا، بڕیارە ئەم ناوەندە لە ساڵی 2027دا وەک قۆناغێکی ئەزموونی بکرێتەوە و لە سەرەتادا نزیکەی 100 پەناخواز لەخۆ بگرێت، بە جۆرێک هەر یەکێک لەو پێنج وڵاتە نزیکەی 20 پەناخواز رەوانەی ئەوێ بکات. پڕۆژەکە تەنیا ئەو ژن و پیاوە پێگەیشتووانە دەگرێتەوە بەدەر لە منداڵان کە داواکاریی مافی پەنابەرییان بە یەکجاری رەتکراوەتەوە و سەرجەم قۆناخەکانی تانەدانیان تەواو کردووە، بەڵام رەتی دەکەنەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، و یاساکەش بێ جیاوازی هەموو رەگەزنامەکان دەگرێتەوە.

بە گوتەی لایەنە ئەوروپییەکان، ناوەندەکەی رواندا گرتووخانە یان کەمپی داخراو نابێت، بەڵکوو کیگالی بە سەنتەری پێشوازی ناوی دەبات؛ لەوێ پەناخوازەکان مۆڵەتی نیشتەجێبوون، راهێنانی پیشەیی و خولی زمانیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند مانگێکدا تێکەڵی کۆمەڵگەی رواندا ببن، یان ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان نەک بۆ ئەوروپا، لەگەڵ دانانی میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ.

مێتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بەرگرییەکی توندی لە پڕۆژەکە کرد لە بەرامبەر رەخنەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و لایەنەکانی دیکە، و رایگەیاند؛ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دێتە وڵات و کێ دەبێت بڕوات، بنەمای ئەو بەهایانەن کە باوەڕی پێیەتی، چونکە سیستەمی ئێستای کۆچ تێکچووە. هەروەها پڕۆژەکەی بە وەرچەرخانێک ناوبرد بۆ ناردنی پەیامێکی روون کە چیتر کەس ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی بێتە ناو یەکێتیی ئەوروپا و تێیدا بمێنێتەوە.

هەر لە ڤیێنا، کریستیان شتۆکەر، راوێژکاری نەمسا بڕیارەکەی بە "گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە سیاسەتی کۆچدا" وەسف کرد، و ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاش جەختی کردەوە کە پلانەکە بە تەواوی لەگەڵ یاساکانی ئەوروپا و مافەکانی مرۆڤدا دەگونجێت. هاوکات کۆمیسیۆنی ئەوروپاش پێشوازیی لە هەنگاوەکە کرد لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کۆچ کە رێگە بە ناردنەوەی پەناخوازە رەتکراوەکان دەدات، بەوپێیەی ئێستا کەمتر لە 30%ی ئەوانەی فەرمانی دەرکردنیان بۆ دەردەچێت لە ئەوروپا دەچنە دەرەوە.

لە لای خۆشیەوە، ڤینسێنت بیرۆتا، وەزیری ناوخۆی رواندا گوتی کە پلانەکە دەرفەتێکی دووەم بەو کەسانە دەدات بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان.

لە بەرامبەردا، 45 رێکخراوی ناحکوومی لە 15 وڵاتەوە لە بەیاننامەیەکدا پڕۆژەکەیان بە "سیاسەتێکی زیانبەخش" وەسف کرد کە بەرپرسیارێتیی پاراستنی پەناخوازان لە بەرچاوی گشتی و چاودێری دوور دەخاتەوە. رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ هیومان رایتس وۆچیش نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە تۆماری رواندا لە بواری سەرکوتکردنی ناڕازیان و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیدا، هەرچەندە وەزیری ناوخۆی رواندا ئەو تۆمەتانەی بە "دەستەواژەی کۆن و دووبارە" رەتکردەوە.

کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هۆشداریی دا کە دەبێت هەر هەنگاوێک پابەندی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ بێت، و پێشبینیش دەکرێت ئەم پڕۆژەیە لە داهاتوودا رووبەڕووی کێشەی یاسایی و تانەی دادگاکان ببێتەوە.