گفتوگۆکانیانی شاندی سلێمانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شکستیهێنا
بە گوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، ئەو شاندەی پارێزگای سلێمانی کە بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک و داواکردنی جیاکردنەوەی بودجەی پارێزگاکە سەردانی بەغدای کردبوو و لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە، لە قایلکردنی سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییە شکستی هێناوە.
دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، شاندەکە لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە پشتگیری لە پرسی جیاکردنەوەی بودجەی پارێزگای سلێمانی و چەند دۆسیەیەکی دیکەی بکەن، بەڵام سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو داواکارییەیان رەتکردووەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی بە روونی بە شاندەکەی سلێمانیی راگەیاندووە؛ ئەوان تەنیا لە روانگەی دەستوورییەوە دەڕواننە ئەو بابەتە، و بە هیچ شێوەیەک لەسەر بنەمای ململانێی سیاسی و بەپێی میزاجی سیاسی مامەڵە لەگەڵ داواکاریی لەو جۆرەدا ناکەن.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکی لە بارەی سەردانیکردنی شاندەکەی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوە فەرمییەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوازیی لە شاندێکی پارێزگای سلێمانی کردووە لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پرسە نیشتمانییەکانی ئێستا ئاڵوگۆڕ کراوە و جەختیش لە گرنگیی بەردەوامیدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش کراوەتەوە لە پێناو بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی تەواوی گەلی عێراق.
نوێ دەکرێتەوە