جێگری سەرۆکی ئەمریکا: جەنگی دژی ئێران لە دوو ساڵدا کۆتایی دێت
جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیی کرد جەنگی دژی ئێران لە کەمتر لە دوو ساڵدا کۆتایی بێت. هاوکات جەختی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێگە نادات ئەو جەنگە ببێتە ململانێیەکی هەمیشەیی.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ترەمپ بە پێویستی دەزانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو ببرێت، چونکە بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمریکای دەبینێت".
سەرەڕای ئەوەش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئیدارەی واشنتن بە هیچ شێوەیەک نیازی نییە تێوەگلی جەنگێک بێت کە 10 ساڵ، 15 ساڵ یان دوو ساڵ بخایەنێت.
ڤانس باسی لەوەش کرد، ئەو و ترەمپ دژی جەنگە هەمیشەییەکانن. هەروەها متمانەی خۆی دەربڕی کە سەرۆکی ئەمریکا جەنگەکە بە ئەنجامگەلێک کۆتایی پێ دەهێنێت کە بە "نایاب" وەسفی کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێزەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار لە ئێران نامێننەوە. روونی کردەوە، ئەوانەی پاڵنەرن بۆ درێژکردنەوەی جەنگەکە دەتوانن رەخنەی لێ بگرن، بەڵام ئیدارەکەیان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە پابەند بووە بەوەی نەچێتە ناو ململانێیەکی کراوە و بێکۆتاییەوە.
ئەم لێدوانانەی ڤانس هاوکاتن لەگەڵ پەرەسەندنی لێکەوتە سیاسییەکانی جەنگەکە؛ بەجۆرێک جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری شکستەکانی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا بۆ ئەو جەنگە گەڕاندەوە کە نزیکەی نۆ مانگ لەمەوبەر دەستی پێ کرد. لە بەرامبەردا، کەسانی نزیک لە ڤانس پێیان وایە بەردەوامیی شەڕەکە لەوانەیە ببێتە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئامانجە سیاسی و سەرۆکایەتییەکانی پەیوەست بە داهاتوویەوە.
ئەم هەڵوێستەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات ئامانجە سەربازییەکانی بەرامبەر ئێران بپێکێت، بەبێ ئەوەی تێوەگلی بوونێکی سەربازیی درێژخایەن بێت؛ بەتایبەتی لە کاتێکدا گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی پەیوەست بە جەنگەکە بەردەوام لە زیادبووندان.