وەزیری دەرەوەی عومان: کۆبوونەوەکەم لەگەڵ عێراقچی بنیاتنەر بوو
وەزیری دەرەوەی عومان و وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەت کۆبوونەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی ناوچەکە، پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان و هاتوچۆی بازرگانیی نێودەوڵەتییان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، بەدر ئەلبووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەتی پایتەخت لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عومان، هەردوولا پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و ئاڵنگارییەکانی ئێستایان تاوتوێ کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هەردوو وەزیر بژاردە دیپلۆماسییەکانیان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و چالاککردنەوەی رێڕەوەکانی گفتوگۆ و دانوستان خستووەتە بەر باس بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی تەنگژەکە. هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان و دەستەبەرکردنی رۆیشتنی ئاسایی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانیی نێودەوڵەتییان تاوتوێ کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عومان روونیشی کردەوە، لە دیدارەکەدا باس لە گرنگیی بە کراوەیی هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی کراوە بۆ دروستکردنی متمانە و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان. هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیدان بە کاری دیپلۆماسی و گرتنەبەری رێبازی گفتوگۆ، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەلبووسەعیدی وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاو کردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەریان کردووە و تێیدا پێداچوونەوەیان بە رێڕەوی جێگیری پەیوەندییەکانی نێوان عومان و ئێران و رێگە کردەییەکان بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە.
گوتیشی، لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەهێزکردنی هاوکاری و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و راوێژ کردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە.
ئەم کۆبوونەوەیەی مەسقەت لە کاتێکدایە نزیکەی نۆ مانگە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026، شەڕ و گرژییەکی فراوان ناوچەکەی گرتووەتەوە. لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەدا، تاران هێرشی کردە سەر بنکە و بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و هەنگاوی نا بۆ داخستن و سنووردارکردنی گەرووی هورمز، پێشتر نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕی.
عومان لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە وەک وڵاتێکی هاوبەش لە سنوورە دەریاییەکانی گەرووی هورمز رۆڵێکی چالاکی لە نێوەندگیریدا گێڕاوە. لە حوزەیرانی 2026ـدا بە نێوەندگیریی پاکستان یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی لە ئیسلام ئاباد بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، ئاسایشی گەرووی هورمز و سووککردنی سزاکان هاتە ئاراوە، بەڵام ناکۆکی لەسەر جێبەجێکردن و پێکدادانەکان رێگر بوون لە چارەسەری هەمیشەیی.
بەر لە گەیشتنی بۆ مەسقەت، عێراقچی رۆژی دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەشداریی لە 30ـیەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئابووری (ئیکۆ) کرد و لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستاندا کۆبووەوە.
لەوێدا عێراقچی رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە پشتیوانییان لە پێشنیازە دوو رۆژییەکەی تاران کردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، ئەگەر واشنتن داواکارییەکانی ئێران لە راگرتنی گەمارۆی دەریایی، هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان جێبەجێ بکات.