لە سلێمانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر 30 ئەوەندە زیادی کردووە
بازرگانانی مادەی هۆشبەر کەلوپەل و شتومەکی ئاساییی ژیانی رۆژانە بۆ شاردنەوە و گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن. بەشداربووانی دیدارێکیش لەو بارەیەوە هۆشداری لە زیادبوونی 30 ئەوەندەیی بەکارهێنانی ئەو مادانە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو دەدەن.
شاسوار عەتا، پارێزەر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئامارەکان لە دادگاکاندا هەن و ساڵانە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی لە دادوەران، دامەزراوەکانی ئاسایش و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەوە پێمان دەگات و خۆیشمان وەک پارێزەر دەیبینین، ئامارەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان؛ مەترسییەکە زۆر رژدە و ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە بەردەرگەی هەموو ماڵێک وەستاوە."
پاراستن و رزگارکردنی کەسانی ئالوودەبوو بە مادەی هۆشبەر، لە رێگەی شیاندنەوە و پاککردنەوەی جەستەیان لەو ژەهرە بەدی دێت. بۆ ئەم مەبەستەش چارەسەری دەروونی و دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەت بەو بوارە وەک پێویستییەکی هەنووکەیی هەژمار دەکرێت.
سامان ئەنوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن بۆ شیاندنەوەی ئالوودەبووان گوتی: "ئەوەی بۆ ئێمە کێشە بۆ سیستەمی تەندروستی و کۆمەڵگە دروست دەکات، ئالوودەبوونە بە مادەی هۆشبەر، چونکە مەرج نییە هەموو بەکارهێنەرێک ئالوودە بووبێت؛ بۆیە شێوازی چارەسەری ئالوودەبوون زۆر جیاوازە لە چارەسەرکردنی کەسێک کە تەنیا بەکارهێنەرە."
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "ئالوودەبوون پێویستی بە بەرنامەیەکی تۆکمە، تایبەت و فرەڕەهەند هەیە تا ئەو کەسە بگەڕێنێتەوە نێو کۆمەڵگە و ببێتەوە بە کەسێکی بەرهەمهێنەر، چونکە کەسی ئالوودەبوو توانای بەرهەمهێنانی لەدەست دەدات و هەموو وزەی تەنیا بۆ ئەوە تەرخان دەکات چۆن مادەکە بەدەستبهێنێت و بەکاریبهێنێت."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین، 731 تۆمەتبار دەستگیرکران کە 409 کەسیان بەکارهێنەر بوون، هەروەها دەست بەسەر 1,292 کیلۆگرام لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەردا گیرا.
مادەی هۆشبەر وەک ئافاتێک بۆ سەر مرۆڤایەتی و هۆکارێک بۆ لەدەستدانی هۆشیاری دادەنرێت تا ئەو ئاستەی ژیانی مرۆڤ کۆتایی پێ بهێنێت. هاوکات پسپۆڕان جەختدەکەنەوە ئەو کەسانەی لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر پاشەکشە دەکەن، پێویستیان بە چاودێری و چارەسەری تەندروستی و دەروونی هەیە تا بتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە ژیان بکەنەوە و بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە.