کارەکانی دروستکردنی گەورەترین پارکی دهۆک بەردەوامە
کارەکانی دروستکردنی پارکی نیشتمانیی دهۆک لە رۆژئاوای دهۆک بە گوژمەی 128 ملیار دینار و لەسەر رووبەری 1 ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا بەردەوامە. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای "نۆرس لایت" جێبەجێ دەکرێت و رێژەی کارەکانی گەیشتووەتە نزیکەی 25%ـی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە حوزەیرانی 2024 بەردی بناغەی بۆ پڕۆژەکە دانا و ماوەی چوار ساڵ بۆ تەواوبوونی دیاریکراوە. بە تەواوبوونی پارکەکە، رێژەی سەوزایی لە دهۆک بە نزیکەی 3% زیاد دەکات.
سەلاح محەمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: لەسەر ئاستی عێراق دەبێتە یەکەم پارک، چونکە رووبەرەکەی نزیکەی 600 دۆنمە و 80%ـی رووبەرەکەشی سەوزایی دەبێت. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، رێژەی سەوزایی لە دهۆک دەگاتە ستانداردە جیهانییەکان.
جگە لە رووبەری سەوزایی، پارکەکە چەندین خزمەتگوزاری وەک هۆتێل، بەنداو، نافووری ئاو، مزگەوت، خواردنگە، کافێ، یاریگە و شوێنی وەرزشی لەخۆ دەگرێت، کە سیمایەکی نوێ بە دهۆک دەبەخشێت و سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت.
شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی داوە و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆکەوە هەنگاوی باش لەو بارەیەوە نراون.
ئێستا رێژەی سەوزایی لە دهۆک 15%ـە و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی بە ستانداردە جیهانییەکان بەردەوامن. هاوکات لە دهۆک 150 باخچە و 10 پارکی گشتی هەن، کە تیمێکی تایبەت بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان تەرخان کراوە.