سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لێکگەیشتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، لێکگەیشتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە دروست بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 دروست بووە،
گوتیشی: دەبێت ئەو لێکتێگەیشتنە بخرێنە نێو رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەوە و چاوەڕێ دەکەن تاوەکو رەشنووسەکە دەگاتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بزانن تا چەند لێکتێگەیشتنەکە لەنێو پڕۆژەسایە بودجەدا جێگیرکراوە.
هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە ئاراستەیەکی دروست دەڕۆن و هەموو توانای خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوان و مافە دەستوورییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بکرێت.
پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 217 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و نزیکەی 60 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە. هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا بە 12% دیارکراوە و بەڵام هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە گوێرەی ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوان بۆ 14.14% زیاد بکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بودجە زیاتر لە پێنج جار سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە تایبەت سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی فیدڕاڵ کۆبوونەتەوە.