بە بەهای 12 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە پێنجوێن جێبەجێ دەکرێن
بە بەهای 12 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاریی رێگاوبان لە سنووری قەزای پێنجوێن لە قۆناخی جێبەجێکردندان و تاوەکو ئێستاش 80%ـی کارەکانیان تەواو کراوە.
زیاتر لە 50 گوندی سنووری پێنجوێن و هەزاران هاووڵاتیی دەڤەرەکە، لە چوارچێوەی کاروانی ئاوەدانکردنەوەدا لە ئاستەنگەکانی هاتووچۆ رزگاریان دەبێت. لەوبارەیەوە ئەمیر سۆفی، بەڕێوەبەری رێگاوبانی پێنجوێن بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بە بەهای 12 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە سنوورەکەماندا لە قۆناخی جێبەجێکردندان؛ یەکێک لە پڕۆژەکان نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی رێگەی سەرەکیی پێنجوێن بۆ کەولۆسە، کە بە بڕی 707 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت."
بەڕێوەبەری رێگاوبانی پێنجوێن روونیشی کردەوە، چاککردنەوەی ئەم رێگەیە جیاوازە لە پڕۆژەی دووسایدی نێوان پێنجوێن و کەوڵۆس و 85%ـی رێگەکە پڕۆژەی دووسایدەکە ناگرێتەوە.
ئەمیر سۆفی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی بریتییە لە تەواوکردنی دووسایدی نێوان پێنجوێن – باشماخ، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90%ـی کارەکانی تەواو بووە و بە تەواوبوونی، قۆناخێکی نوێی گەشەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەڤەرەکە دەست پێ دەکات؛ هاوکات پڕۆژەی رێگەی نێوان پێنجوێن – سەیران بەن یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژەکان و ئێستا بە چڕی کاری تێدا دەکرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگاوبانی پێنجوێن، بە شێوەیەکی گشتی 80%ـی پڕۆژەکانی رێگاوبان لە سنوورەکە تەواو کراون و زیاتر لە 50 گوند لێیان سوودمەند دەبن، ئەمەش مەترسییەکانی سەر رێگەی رۆژانەی گوندنشینان و شۆفێران بە تەواوی کەم دەکاتەوە.
لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە 1,600 پڕۆژەی رێگاوبان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون و ژێرخانی رێگاوبان پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ماوەی نێوان شارەکان و کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ بەراورد بە ساڵانی رابردوو.