وەزیری هاریکاریی ئابووریی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر

لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ریم رادۆڤان، وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و شاندێکی فەرمی، گەیشتە هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا، نیاز بارزانی، نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، پێشوازییان لە رادۆڤان و شاندە یاوەرەکەی کرد.

بڕیارە لە ماوەی سەردانەکەیدا، وەزیرەکەی ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەک بکات و هاوکات سەردانی چەند شوێنێکیش بکات.