کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: هیچ پەیوەندییەکمان بە هەڵمەتەکەی سلێمانییەوە نییە
لە سلێمانی بە ناوی کۆمیسیۆنەوە واژۆ بۆ لەتکردنی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە؛ کەچی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رەتیدەکاتەوە ئاگاداری ئەم بابەتەبن.
لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی و لە بەردەم پەیکەری قانعی شاعیر، چادرێکی بچووک هەڵدراوە و لەژێر دروشمی (هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی و هەڵەبجە) داوای ناو، ژمارەی مۆبایل و واژۆ لە هاووڵاتییان دەکرێت، لە کاتێکدا یەکێک لە سەرپەرشتیارانی چادرەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کارەکە سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق"ـە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنیش بە تەواوی رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە هەبێت.
لە میانی بەدواداچوونێکی مەیدانی ئارام بەختیار پەیـێری کوردستان24 لە سلێمانی بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی لە پشت مێزەکەوە دانیشتوون، کاتێک پرسیار لەبارەی ناوی رێکخراو و لایەنی بەرپرسی هەڵمەتەکە دەکرێت، یەکێک لەو پیاوانەی واژۆکان کۆدەکاتەوە رەتی دەکاتەوە کارەکە هی رێکخراو بێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەوان بۆ کۆمیسیۆن کار دەکەن و دەڵێت: "نا، رێکخراو نییە؛ ئەمە کۆمیسیۆنی باڵایە و بۆ کۆمیسیۆنی باڵای عێراقە.”
ئەو کەسە بۆ رازیکردنی هاووڵاتییان دەڵێت "کۆمیسیۆن خۆی کارەکە دەکات و رێکخراوەکان هەڵدەستن بە جێبەجێکردن، خۆ کۆمیسیۆن نایەت لێرە دانیشێت وەکوو ئێمە.” هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو لیستانە دەچنەوە بۆ کۆمیسیۆن و بۆ بەغدا و لیژنەی یاسایی بەرز دەکرێنەوە.
بە پێی قسەکانی سەرپەرشتیارانی مێزەکە، تەنانەت پێویست ناکات هاووڵاتی کارتی دەنگدانی پێ بێت، بەڵکوو تەنها ناوی سیانی یان چواری، واژۆ و ژمارەی مۆبایلی لێ وەردەگیرێت و پێیان دەڵێن: "کۆمیسیۆن سبەینێ تەلەفۆنتان بۆ دەکاتەوە بۆ وەرگرتنی کۆدی کارتی دەنگدانەکەتان.” سەرەڕای ئەوەی لە کاتی گفتوگۆکەدا رێگە دەدەن ناو و ژمارەی مۆبایلی کەسانی دیکەش (وەک برا یان کەسێک کە هێشتا کارتی دەنگدانی دەرنەهێناوە) تۆمار بکرێت، بەڵام کاتێک داوای لۆگۆ یان بەڵگەیەکی فەرمییان لێ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە کۆمیسیۆن لە پشت کارەکەوەیە، هیچ ناسنامە و لۆگۆیەکی فەرمی ناخەنە ڕوو.
لە بەرامبەر ئەم بانگەشانەدا، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە و نووسینگەی سلێمانیش هیچ دەستوەردانێکی لەم بابەتەدا نەکردووە.”
لە لایەکی دیکەوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی شاری سلێمانی لە لێدوانەکانیاندا بۆ کوردستان24، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر ئەم جۆرە هەوڵانە دەردەبڕن و بە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی و دوژمنان ناوی دەبەن. هاووڵاتییان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرچەندە سلێمانی مافی خۆیەتی داوای خزمەتگوزاری و گەشەکردن بکات، بەڵام لەم قۆناخە هەستیارەدا پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان لە هەموو شتێک گرنگترە و ڕێگە بە لەتکردنی ناکەن.