محەمەد شوکری: مۆڤێنپیکی گۆمەسپان هەنگاوێکی نوێیە بۆ پێشخستنی گەشتوگوزاری کوردستان
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆژەی گەشتیاریی مۆڤێنپیک لە گۆمەسپان بەشێکە لە پلانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە کەرتی گەشتوگوزار و راکێشانی زیاتر لە 20 ملیۆن گەشتیار تا ساڵی 2035.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 سەبارەت بە پرۆژەی مۆڤێنپیک - گۆمەسپان گوتی: "گرنگیی ئەم پرۆژەیە لەوەدایە براندی مۆڤێنپیک دێتە هەرێمی کوردستان، چونکە هێنانی ئەم جۆرە براندانە بۆ ئێستا و داهاتوو گرنگییەکی تایبەتی هەیە."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە، پرۆژەکە دوای تەواوبوون دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەو پرۆژە گەورە گەشتیارییەی لە دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان دروست دەکرێت. ئەو پرۆژانە کاریگەریی بەرچاویان لە پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەبێت.
محەمەد شوکری ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوی دیکە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی زیاتر لەو ناوچەیە دەگیرێتەبەر بە مەبەستی پشتیوانیکردنی زیاتری کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: بایەخدان بە بەهێزکردنی ژێرخانەکانی ئابووری، گەشتوگوزار، دروستکردنی بەنداو و باشترکردنی کەرتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و تەندروستی تەواوکەری یەکترن. جەختیکردەوە، لە رێگەی ئەم پلانانەوە دەتوانرێت کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوپێش بچێت و سوود و قازانجێکی باش بۆ حکوومەت و هاووڵاتیان دەستەبەر بکرێت.
پڕۆژەی "مۆڤێنپیک گۆمەسپان ریزۆرت" پڕۆژەیەکی گەشتیاریی پێنج ئەستێرەییە کە ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دادەنرێت. پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر نیمچەدوورگەیەکی دەریاچەی گۆمەسپان لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر، لەلایەن کۆمپانیای "ئالکۆڤ" دروست دەکرێت و کۆمپانیای "پی ئاند تی گرووپ" بە شێوازی نیوکلاسیکی ئیتاڵی دیزاینی کردووە. ریزۆرتەکە لە 140 ژووری روو لە دەریاچە پێکدێت و چێشتخانە، کافێ، سپا، هۆڵی وەرزشی، مەلەوانگەی کراوە و داخراو، یانەی منداڵان و رووبەرێکی 1,800 مەتر چوارگۆشەیی تایبەت بە ئاهەنگ و کۆبوونەوە بازرگانییەکان لەخۆدەگرێت.
ئەم پڕۆژەیە یەکەم لقی براندی جیهانیی "مۆڤێنپیک"ـە لە هەرێمی کوردستان، کە براندێکی میوانداریی سویسرییە، مێژووەکەی بۆ ساڵی 1948 دەگەڕێتەوە و سەر بە گرووپی "ئاکۆر"ـە و خاوەنی زیاتر لە 140 هۆتێل و ریزۆرتە لە زیاتر لە 40 وڵاتی جیهاندا. دروستکردنی ئەم ریزۆرتە تەواوکەری هەنگاوەکانی پەرەپێدانی گەشتیاریی ناوچەکەیە، کە دوای کردنەوەی بەنداوی گۆمەسپان وەک سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێم لە تشرینی یەکەمی 2024 و رێگای دووسایدی "هەولێر - گۆمەسپان" لە شوباتی 2026 جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە یەکێک لە گەورەترین ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر.