سامانە سروشتییەکان: یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیشتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆک لە ناوچە شاخاوییەکانی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەمرۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی بارکراوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەر ئەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆک لە ناوچە شاخاوییەکانی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بۆ بەشە نەوتی هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش، رەزامەندی دراوە و دەست بە بارکردن دەکرێت.

هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، لەگەڵ گەیشتنی بەکۆگاکان، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

هاوکات سێشەممەی رابردوو 10ـی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، رێکارە ئیدارەییەکان بۆ هێنانی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان و 760 تۆن گازی شل لە عێراق دەستیپێکردووە و ئەگەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی تەندەری کۆمپانیاکانی هێنانەوەی نەوت و گاز بە زوویی یەکلایی بکەنەوە، لە چەند رۆژێکی کەمدا پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گوتیشی: تا ئێستا تەنیا پارێزگای دهۆک نووسراوی فەرمی و تەندەری کۆمپانیای راسپێردراوی هێنانەوەی بەشە نەوتی پارێزگاکەی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ناردووە و چاوەڕوانن بەم نزیکانە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش بە هەمانشێوە تەندەری کۆمپانیا راسپێردراوەکانیان بۆ هێنانەوەی بەشە نەوتی پارێزگاکانی بۆ وەزارەت بنێرن، بۆ ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.

فەلاح سەید مەولوود ئاماژەی دا، ساڵانە لە مانگی ئابەوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکەن بۆ نەوتی ماڵان و بۆ ئەمساڵیش داوای 268,710,600 لیتر نەوتی سپی ماڵانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێی راگەیاندوون، ئەم بڕە ئامادە نییە، بۆیە 50 ملیۆن لیتر دەنێرن، واتە 19%ـی ئەو نەوتە دەنێرن، کە پێویستە بە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.