شەیبانی: سەرەتای مانگی داهاتوو باڵیۆزخانەمان لە ئەنقەرە دەکەینەوە

شەیبانی و فیدان: ئیسرائیل دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر سووریا رابگرێت

وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا جەختیان لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پاراستنی سەروەریی سووریا و پێویستیی پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێککەوتنی 1974 کردەوە؛ هاوکات شەیبانی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریا لە ئەنقەرە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا راگەیاند.

سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە ئەنقەرە گوتی: پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا قووڵتر و بەهێزتر دەبن؛ چەندین پڕۆژەمان لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە لە سووریا جێبەجێ کردووە و پەرۆشین بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی لە هەموو بوارەکاندا.

 ئاماژەی بەوە دا، لە گفتوگۆکانیاندا سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کردووە، لە ناویشیاندا بوارەکانی ئاسایش و بەرگری.

فیدان جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی کردەوە و بە گرنگی زانی تواناکان لە سووریا پەرەیان پێ بدرێت بۆ لابردنی پاشماوەکانی ئەو شەڕەی کە رژێمی پێشوو بەجێی هێشتوون. 
سەبارەت بە هەڕەشە دەرەکییەکانیش، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: ئیسرائیل هەوڵ دەدات سەقامگیریی سووریا تێک بدات و دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر خاکی سووریا بوەستێنرێن، هەروەها پێویستە ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنی ساڵی 1974 بێت.

لە لای خۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاشکرای کرد، لەگەڵ فیدان دۆسیە دووقۆڵییەکان، پێشهاتە هەرێمییەکان و تەواوکردنی هەنگاوە کۆتاییەکانی دامەزراندن و کاراکردنی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە، هاوکات کردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریاشی لە ئەنقەرە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا راگەیاند.

شەیبانی گوتی: هاوبەشییەکەیان لەسەر زەوی بە رێکاری کردەیی رەنگی داوەتەوە؛ لەوانە نۆژەنکردنەوەی هێڵی بەستنەوەی کارەبای نێوان حەلەب و بێرەجیک و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکەی بۆ 500 مێگاوات، دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان دیمەشق و هەردوو شاری ئەنتاڵیا و ئیزمیر، هەروەها خێراکردنی رێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان تا لە نزیکترین کاتدا دەروازەی قامیشلۆ - نسێبین بکرێتەوە.

لەسەر ئاستی ستراتیژی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە دا، رێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری لە بواری راهێنان، بونیاتنانی تواناکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگییان تاوتوێ کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی سەروەریی دەوڵەتی سووریا بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.

شەیبانی روونی کردەوە، کە پێگە جوگرافییەکەیان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیان وەک رێڕەوێکی گرنگی نێوان ئەورووپا و کەنداو دەخاتە سەر شان، بۆیە رێککەوتوون لەسەر خێراکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاسنین کە لە تورکیاوە بە ناو سووریادا بۆ ئوردن و پاشان کەنداو درێژ دەبێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە پرسی بەستنەوەی دیجیتاڵیش لە گفتوگۆکاندا باسی لێوە کراوە وەک ژێرخانێکی بنەڕەتی بۆ پاڵپشتیی بازرگانی و وەبەرهێنان، کە تەواوکەری هەوڵەکانیانە بۆ داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بە مەبەستی بەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبا و گاز لەسەر ئاستی هەرێمی.

سەبارەت بە ئاسایشی ئاو، شەیبانی گوتی: گفتوگۆیان لە بارەی مسۆگەرکردنی بەردانەوەی دادپەروەرانە و جێگیری ئاوی رووباری فورات کردووە بە جۆرێک پێداویستیی جووتیاران پڕ بکاتەوە و، چاوەڕوانی بەشداریی تورکیاش دەکەن لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی لیژنەی هونەریی سێقۆڵی لەگەڵ عێراق.

لە بواری ئابووریدا، شەیبانی ئاشکرای کرد، کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات کە لە ساڵی 2025ـدا نزیک بووەتەوە لە 3.7 ملیار دۆلار و گەشەی زیاتر لە %40ـی تۆمار کردووە، کە نزیکیان دەکاتەوە لە ئامانجی هاوبەشیان بۆ گەیشتن بە 10 ملیار دۆلار.

هەروەها جەختی کردەوە, کە کار دەکەن بۆ ئاسانکاریی چوونەناوەوەی بەرهەمە سوورییەکان بۆ بازاڕەکانی تورکیا و پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پاراستنی وەبەرهێنەران و ئاسانکاریکردن لە بواری پارەدارکردن و پێدانی ڤیزا، وێڕای کارکردن لەگەڵ تورکیا بۆ رەخساندنی هەلومەرجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، بەردەوام و شکۆمەندانەی پەنابەرانی سووریا.

شەیبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسۆزیی پتەوی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دژی سەرجەم ئەو دەستدرێژییانەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە کراونەتە سەریان دووپات کردەوە و رایگەیاند: ئاسایشی کەنداو بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نیشتمانیی سووریا؛ گوتیشی: دیدگایان لەگەڵ تورکیا یەک دەگرێتەوە لە پێویستیی گەیشتن بە چارەیەکی گونجاو لە رێگەی دانوستانەوە کە ئاگری شەڕەکان بکوژێنێتەوە و ئازادیی دەریاوانی لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک گەرووی هورمز و بابولمەندەب مسۆگەر بکات.

وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی کردەوە، سووریای بووژاوەی ئەمڕۆ بەربەستێکی پتەوە لە بەردەم پشێویدا و پردێکی درێژە بۆ بازرگانی و سەقامگیری کە کەنداو بە تورکیا و ئەورووپاوە دەبەستێتەوە؛ هاوکات  رەتکردنەوەی تەواوی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل یان دەستبردن بۆ سەروەریی وڵاتەکەی نوێ کردەوە و پابەندبوونی توندی بە رێککەوتنی ساڵی 1974 راگەیاند.

جەختیشی کردەوە، کە سەقامگیریی سووریا بەردی بناخەی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و تورکیاش هاوبەشێکی بێجێگرەوەیە لە چەسپاندنی ئەم بنەمایەدا.