پاکستان و تورکیا پەرەپێدانی درۆن و جەنگی ئەلیکترۆنی تاووتوێ دەکەن

پاکستان و تورکیا لە ئاستی باڵای سەربازیدا کۆبوونەوە و تاوتوێی پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوانیان لە بواری پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، جەنگی ئەلیکترۆنی و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی ئاسمانی کرد.

سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی هێزی ئاسمانیی پاکستان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لە بارەگای سەرکردایەتی لە ئیسلام ئاباد، پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەرگریی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رافەت داڵگران، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی تورکیا کردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئاسۆی هاوکارییە سەربازی و تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تاوتوێی پەرەپێدانی هاریکارییەکانیان لەم بوارانەدا کردووە:

سیستەمە ئاسمانییە بێسەرنشینەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکار.

پەرەپێدانی تواناکانی جەنگی ئەلیکترۆنی و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی.

بەهێزکردنی پرۆگرامەکانی مەشق و راهێنانی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی مەیدانی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لایەنی پاکستانی پلانەکانی خۆی بۆ نوێکردنەوەی کەرەستەکانی هێزی ئاسمانی و پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی خستووەتەڕوو، هاوکات ئامادەیی نیشان داوە لە بواری پێگەیاندن و راهێنانی فڕۆکەواناندا هاوکاریی تەواوی ئەنقەرە بکات.

لە بەرامبەردا، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بەرگرییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە مەیدانییەکانی سوپای پاکستان دەربڕیوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە لەم دیدارەدا هیچ گرێبەستێکی نوێی کڕینی چەک یان دەستپێکردنی پرۆژەی هاوبەشی بەرهەمهێنانی سەربازی واژۆ نەکراوە، بەڵکوو دیدارەکە تایبەت بووە بە لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لە بواری تەکنۆلۆژیای نوێی جەنگدا.