ئەنجوومەنی پارێزگای بابل مەهدی عەرداوی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا دەنگی لەسەر پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی تورکی دا و بە زۆرینەی دەنگ مەهدی عەرداوی وەک پارێزگاری نوێی بابل هەڵبژارد.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی عێراق و شەفەق نیوز بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە هاوینەهەواری بابل بە ئامادەبوونی 12 ئەندام لە کۆی 17 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەڕێوە چوو، هاوکات عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو.
هەردوو پارێزگاری پێشوو و نوێ عەلی تورکی و مەهدی عەرداوی سەر بە فراکسیۆنی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقن، کە پۆستی پارێزگاری بابل وەک بەرکەوتەی سیاسیی ئەو لایەنە لە ئەنجوومەنی پارێزگادا هەژمار دەکرێت.
لە 12ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، عەلی تورکی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی پارێزگاری بابل راگەیاند، ئەمەش دوای تەشەنەسەندنی مشتومڕەکان لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە باکووری پارێزگاکە.
ئەم هەنگاوە دوای لێدوانێکی پێشووی عەلی تورکی هات کە تێیدا بوونی هەر جۆرە قاچاخچێتییەکی نەوتی لە ناوچەکەدا رەتکردبووەوە، کە ئەوەش بە تەواوی پێچەوانەی ناوەڕۆکی راپۆرتێکی ئەمنی و هەواڵگریی حکوومی بوو کە بوونی دوو بۆڕیی قاچاخچێتیی نەوتی لە نێو ناوچەکەدا پشتڕاست کردبووەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردبوو کە دەستلەکارکێشانەوەکەی تورکی راستەوخۆ بە فەرمان و راسپاردەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بووە لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانانە و فشارە سیاسییە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەکەوە.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هاتن کە تەنیا رۆژێک پێش ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی تورکی، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردبوو بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر، کە دواتر بووە هۆی لەسەرکارلادانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمنی و کارگێڕی لە پارێزگای بابل.