کوەیت: بەرپەرچی هێرشی درۆنیمان دایەوە
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت رایگەیاند؛ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان ئێستا بەرپەرچی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە (درۆن) دوژمنکارانەکان دەدەنەوە.
سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاو کردەوە، ئاگاداری هاووڵاتییانی کردەوە کە ئەگەر هەر دەنگێکی تەقینەوە لە ئاسماندا بیسترا، ئەوا لە ئەنجامی تێکشکاندن و رووبەڕووبوونەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییە بۆ ئامانجە دوژمنکارانەکان.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا داواشی لە تەواوی هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکە کردووە کە پابەندی رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن، کە لەلایەن دەزگا فەرمی و پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن.
دوێنێ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی سەربازییە بڵاوی کردبووەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بە بەکارهێنانی چەک و مووشەکی ورد و لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا، ئەو سەکۆیەی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی قیشم لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.
بەرپرسەکە روونیشی کردبووەوە کە ئەم هێرشە لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی سوپای پاسداران بووە بۆ سەر هێز و پێگەکانی ئەمەریکا، جەختیشی کردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا سێنتکۆم لەوپەڕی وریایی و ئامادەباشیی تەواودایە بۆ پاراستنی هاووڵاتی و هێزەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
هەروەها ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی بە ئاژانسی فەرمی ئێرانای راگەیاندبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر سێ ناوچەی دیاریکراوی دوورگەی قیشم، بەڵام هێرشەکان هیچ قوربانییەک و زیانیان بۆ ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی دوورگە نەبووە.
ئەحمەد نەفیسی ئاماژەشی دابوو، دۆخی دوورگەی قیشم کۆنترۆڵە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نەماوە، بەڵام سەرجەم ناوەندەکانی فریاگوزاریی خێرا و تەندروستی لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەر بارودۆخی نەخوازراوە.
هەروەها ئاژانسی ئێران بڵاوی کردبووەوە، لە چەند کاتژمێری رابردووی دەنگی بەهێزی نزیکەی شەش تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی جودای دوورگەی قیشم بیستراوە.
هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قیشم لە کاتێکدا لەم هەفتەیەدا، سوپای پاسداران سێ جار بە درۆن هێرشیکردووەتە سەر بنکە رادارییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران جددیتر مامەڵە دەکەن.