وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24: چاوەڕێین زەیدی لێپرسینەوە لە گرووپەچەکدارەکان بکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی خستە ئەستۆی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئەو گرووپەچەکدارانە رووبەڕووی یاسا بکاتەوە و بیداتە دادگا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆمی پیگۆت گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە: "ئەمریکا چاوەڕوانی لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی هەیە گرووپە عێراقییەکان بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر تێوەگلانیان لە توندوتیژی و تێکدانی سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق و تەواوی ناوچەکەدا."

لەلایەکی دیکەوە، پەیامی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستەسەر لێکەوتە داراییەکانی هەژموونی گرووپەکان و روونیکردەوە، چەکدارەکان تەنیا سەروەریی عێراقیان پێشێل نەکردووە، بەڵکو لە رێگەی گەندەڵی و دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتی، ئابووریی وڵاتەکەیان لاواز کردووە و سەرچاوەکانی دەدزن. بەو ئامانجەی سوود بە خۆیان و رژێمی تاران بگەیێنن."

ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر بەغدا، کە تێیدا دووپاتی دەکاتەوە چیتر لە ئاست هەژموونی ئەو میلیشیایانە بێدەنگ نابێت، بەوپێیەی وەک هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی و تێکدانی سەقامگیری لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا دەیانبینێت.