وەزارەتی شارەوانی ئەپلیکەیشنێک بۆ بەدواداچوونی زەویی فەرمانبەران دروست دەکات

پڕۆسەی وردبینیی مامەڵەی زەویی فەرمانبەران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بەردەوامە و تا ئێستا 9 هەزار مامەڵە دەستی پێ کردووە. هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی سەردانی هاووڵاتییان بۆ فەرمانگەکان، ئەپلیکەیشنێکی تایبەت دروست دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی شارەوانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سنووری شارەوانییەکانی بنەسڵاوە، دارەتوو، کەسنەزان و بەحرکە، 16 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، سەرچاوەکە روونیکردەوە، لە مانگی داهاتوو وردبینیی مامەڵەی وەرگرتنی زەوی لە شارەوانییەکانی دارەشەکران، کەورگۆسک و شەمامک دەست پێ دەکات، کە کۆی گشتیی وردبینی بۆ 3 هەزار مامەڵە دەبێت. پڕۆسەکەش بە گوێرەی ریزبەندی و ئەو دۆسییانە دەبێت کە ناویان گەڕاوەتەوە.

لەبارەی دۆخی فەرمانبەرانی سوودمەند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی روونیکردەوە، بەشێک لە فەرمانبەران سەردانی شارەوانییەکان ناکەن و بەدواداچوون بۆ مامەڵەکانیان ناکەن. هاوکات لە پڕۆسەی وردبینییەکاندا دەرکەوتووە نزیکەی 12%ـی ئەوانەی ناویان دەرچووە، پێشتر سوودمەند بوون و بەو هۆیەوە ناتوانن دووبارە زەوی وەربگرن.

سەبارەت بە کێشەی نەبوونی زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی پیرزین، شاوێس، مەلائۆمەر و بەستۆڕە، وەزارەتی شارەوانی لێژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە کە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری شارەوانی کار دەکات بۆ دیاریکردنی شوێنی جێگرەوە بە مەبەستی دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو ناوچانە.

وەزارەتی شارەوانی هەنگاوێک بۆ ئاسانکاریی فەرمانبەران دەنێت و بەمزووانە ئەپلیکەیشنێک بۆ بەدواداچوونی مامەڵەکان دەخاتە کار. فەرمانبەران دەتوانن بە بەکارهێنانی ژمارەی کارتی نیشتمانی، قۆناخەکانی مامەڵەی تاپۆکردنی زەوییەکانیان بزانن و چیتر پێویست ناکات بەردەوام سەردانی فەرمانگەکان بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر کە خاوەنی 37 شارەوانییە، تا ئێستا 36 هەزار پارچە زەوی دابەش کراوە و پلانیش هەیە ئەو ژمارەیە بۆ 83 هەزار پارچە زەوی بەرز بکرێتەوە، بەجۆرێک هەر فەرمانبەرێک فۆڕمی پڕکردبێتەوە زەوی وەردەگرێت.

لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە فەرمانبەرانی قەزای کۆیە، سەرچاوەکان روونیکردەوە، بەهۆی راگیرانی پڕۆسەکە، دابەشکردنی 2 هەزار و 500 پارچە زەوی لەو سنوورە وەستاوە و کاتی دەستپێکردنەوەی نەزانراوە.