فیلمێکی کوردی لە تونس خەڵاتێکی گرنگیی بەدەستهێنا

کورتەفیلمی کوردی "هەستە مرۆییەکان"، لە نووسین و دەرهێنانی مەهدی مونیرە، لە خولی حەوتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما لە وڵاتی تونسدا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا.

چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، مەهدی مونیر، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە لە شاری قابس بەڕێوەچووە و بەشداریی بەرهەمە سینەمایییەکانی 14 وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی بەخۆوە بینیوە. لەم خولەدا 47 فیلمی کورت لە بەشی پێشبڕکێدا بەشدار بوون و فیلمی "هەستە مرۆییەکان"یش توانی لەنێوان ئەو بەرهەمانەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەر  بەدەستبهێنێت و ئەو خەڵاتە درا بەمن وەک ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمەکە."

مەهدی مونیر سەبارەت بە گرنگیی فێستیڤاڵەکە گوتی، "فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە سینەمایییەکان، جگە لەوەی دەرفەت بۆ نمایشکردنی بەرهەمە نوێیەکان و ناساندنی توانای فیلمسازان دەڕەخسێنن، رۆڵێکی گرنگیش لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی سینەمایی و پەیوەستکردنی فیلمسازانی وڵاتە جیاوازەکان بەیەکەوە دەگێڕن. لەم چوارچێوەیەدا، بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵێکدا کە بەرهەمەکانی چەندین وڵات تێیدا پێشبڕکێ دەکەن، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ فیلمساز و سینەمای کوردی."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "فیلمی "هەستە مرۆییەکان"، چیرۆکێکی مرۆیی و فەلسەفی دەگێڕێتەوە و لە رێگەی پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت و ئاژەڵەکانەوە، پرسیاری ژیان و مردن، ئازادی و توندوتیژی دەخاتە ڕوو."

سەبارەت بە بیرۆکەی کورتەفیلمەکە، مەهدی مونیر دەڵێت، "بیرۆکەی سەرەکیی فیلم لە نێوان دوو وێنەی تەڵە و هێلانەدا دەسووڕێتەوە؛ تەڵەیەک لە بنەڕەتدا ئامرازێکە بۆ راوکردن و لەناوبردن، بەڵام لە روانگەی منداڵێکەوە دەتوانێت مانایەکی جیاواز و ژیانبەخش وەربگرێت. هەروەها قەفەسی باڵندەیەکی زیندانی کراو، لە نێوان مانای زیندان و هێلانەدا دەبێتە بابەتی بیرکردنەوە."

ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی نمایشەکە دەکات و گوتی، "لە بەشێکی دیکەی فیلمەکەدا، پیاوێکی سەرخۆش کاتێک بلبلێک لە ناو قەفەسێکدا دەبینێت، بەبێ بیرکردنەوە دەرگای قەفەسەکە دەکاتەوە و ئازادی دەکات. ئەم دیمەنەش لە رێگەی کردارێکی سادەوە، پرسیاری خاوەندارێتی، ئازادی و هەستی مرۆیی دەخاتە بەردەم بینەر."

مەهدی مونیر ئاماژەی بەوەش دا، "لە روانگەی بیرۆکەی فیلمەکەوە، "هەستە مرۆییەکان"، تەنیا  چیرۆکێک نییە دەربارەی باڵندە و راوکردن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی مرۆڤ چۆن دەتوانێت مانای شتەکان بگۆڕێت و لە نێوان ژیان و مردن، ئازادی و زیندان، هەڵوێستی خۆی هەڵبژێرێت."

بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لەم فێستیڤاڵەدا، جگە لە خەڵاتێکی تاکەکەسی بۆ دەرهێنەری فیلمەکە، دەرفەتێکیشە بۆ زیاتر ناساندنی سینەمای کوردی و بەرهەمە هونەرییەکانی زاخۆ و کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەروەها نیشاندانی توانای فیلمسازانی کورد لە بەشداری و بەدەستهێنانی خەڵات لە پێشبڕکێ سینەمایییەکاندا.