دلاوەر ئاژگەیی داوای بەهێزکردنی پشتگیرییەکانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات
لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی ئەوروپیدا بە بەشداریی نوێنەرانی 52 وڵات، دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانی بۆ کیشوەری ئەوروپا خستەڕوو، داواشی کرد پشتگیرییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی کارەکانی کۆڕبەندەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە گرنگیی سیاسی، ستراتیژی، ئابووری، ئەمنی و جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەوروپا روونیکردەوە، جەختیشی لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوبەشییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا کردەوە.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی جوگرافی و ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد، روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەهۆی تایبەتمەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و فراوانکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەوروپادا بگێڕێت.

هەروەها رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە ئەمنییەکان، پاراستنی سەقامگیری و پشتیوانیکردن لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە خستەڕوو، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکارییە ئەمنی و ستراتیژییەکان لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر رەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پێشوازیکردن و پەنادانی ئاوارە و پەنابەران و پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ئەم بوارانە دووپاتکردەوە.

سەبارەت بە کەرتی ئابووریش، د. ئاژگەیی باسی لە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا کرد، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ژێرخان و تەکنەلۆژیا، ئاماژەی بە پێویستیی سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام دا.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، داوای لە وڵاتان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا کرد، پشتگیرییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن و بایەخی زیاتر بە پاراستنی سەقامگیری، پەرەپێدانی دامەزراوەکان و فراوانکردنی هاوبەشییە ستراتیژییە دووقۆڵییەکان بدەن.
ئەو دیپلۆماتکارەی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە، پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا، رۆڵێکی بەرچاو لە چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێت و خزمەت بە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی هەردوولا دەکات.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا پێداگریی لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و راوێژە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگییەکان کردەوە، بە ئامانجی بنیاتنانی هاوبەشییەکی ستراتیژی، دامەزراوەیی و درێژخایەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و رێزگرتنی دوولایەنە.
بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانە لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناساندنی پێگەی ستراتیژیی هەرێم، فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەشدا، دلاوەر ئاژگەیی زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ پەرلەمانتاران، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییە ئەوروپییەکان سازکرد، تێیدا سڵاو و رێزی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێگەیاندن و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری و هاوکارییە بەردەوامەکانیان دەربڕی.
هاوکات لە میانی ئەو دیدارانەدا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش و بەهێزکردنی پشتگیرییەکانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان کرایەوە.
